سەردێڕ:

پۆلیسى سلێمانى: دوو هاککەر دەستگیرکران

فۆتۆ: 
2019-07-04

3051 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی سلێمانى ئاشکرایکرد، لەسەر سکاڵاى ژمارەیەک هاوڵاتى کە فەیسبووکەکانیان هاک کراوە، دوو هاککەریان دەستگیرکرد.

لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیى پۆلیسی سلێمانى ئاماژەى بەوە کردووە، پاش تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەلایەن ژمارەیەک ھاوڵاتییەوە کە فەیسبووکەکانیان لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ھاک کراوە و لە بەرامبەر گەڕاندنەوەی داوای بڕە پارەیەک دەکەن، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەرچنار لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکرد و ھاککەرێکیان دەستگیرکرد.

راشیگەیاندووە، ھاککەرەکە لەبەردەم دادوەردا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و ئاماژەی بەوەش کردووە کە کەسێکی تری لەگەڵدا بووە و ھەردووکیان بەو کارە ھەستاون.

پۆلیسی سلێمانى ئەوەشى ئاشکراکردووە، تۆمەتبارەکە دانى بەوەشدا ناوە ٢١ هاوڵاتى هاککردووە و داواى پارە و هەندێک شتى دیکەی لێکردوون بۆئەوەى فەیسبووکەکەیان بکاتەوە.

روونیشیکردووەتەوە، لە ئێستادا ھەردوو تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٢ لە یاسای خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن راگیراون و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیاندا بەردەوامە.

ئ.ر