سەردێڕ:

ئێران دوو مەرجى بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا دانا

ئاڵۆزیەکانى ئەمریکا و ئێران
فۆتۆ: 
2019-07-04

9532 جار خوێندراوەتەوە

وەزیرى ئاسایشى ناوخۆى ئێران دوو مەرجى وڵاتەکەی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمریکا ئاشکرا کردووە و یەکێک لە مەرجەکان هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئەو وڵاتەیە لەلایەن ئەمریکاوە.

مەحمود عەلەوى وەزیرى ئاسایشى ناوخۆى ئێران ڕایگەیاند، دەکرێت تاران چاو بە ڕێوشوێنەکانى دەستپێکردنى گفتوگۆ لەگەڵ واشنتۆن بخشێنێتەوە.

عەلەوى ئاماژەى بە هەردوو مەرجەکە کردووە، کە هەڵگرتنى سزاکانى سەر وڵاتەکەى و ڕەزامەندبوونى عەلى خامنەئى ڕابەرى باڵاى ئێران بۆ دەستپێکردنى گفتوگۆیە لە نێوان وڵاتەکەى و ئەمریکا.

ڕاشیگەیاند، ئەمریکییەکان سەرسامبوون بە هێزى سەربازیى ئێران و ئەوەش واى لێیان کردووە کە لە بڕیارى هێرشکردنە سەر تاران پاشگەزببنەوە.

مانگى ڕابردوو دواى خستنەخوارەوەى فڕۆکەیەکى بێ فڕۆکەوانى وڵاتەکەى لەلایەن ئێرانەوە لە گەرووى هورمز دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا ڕایگەیاند، لە دوایین چرکەساتى هێرشکردنە سەر ئێران پاشگەزبووەتەوە کە گوایە بەهۆى هێرشەکەوە ١٥٠ کەس دەکوژرێت، بۆیە ئاماژەى بەوە کردبوو کە دەرگا بەڕووى ئێراندا کراوەیە بۆ دەستپێکردنى گفتوگۆکان.

ب.ب