فۆتۆ:
2019-07-04
6730 جار خوێندراوەتەوە
بەشێک لە پەرلەمانتاران رەخنەیان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان گرتووە و داوایان کردووە وەکو خولەکانی پێشوو پاسەوانەکانیان بۆ بکرێت بە هەمیشەی و گرێبەست نەبن و بەو هۆیەوە مشتومڕ لە نێوان ئەو پەرلەمانتارانە و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان دروستبووە.
بەپێی نوسراوێکى نهێنى کە دەست ئێن ئاڕ تى کەوتووە، دەرکەوتووە لە ماوەى رابردوودا بەشێک پەرلەمانتاران لەبارەى دامەزراندنى پاسەوانەوە ڕەخنەیان لە سەرۆکایەتیى پەرلەمان گرتووە و داوایان کردووە وەکو خولەکانی پێشوو پاسەوانیان بەشێوەی هەمیشەی بۆ دابمەزرێنن و سەرۆکاتیی پەرلەمانیش وەڵامیان داونەتەوە.
بەپێی وەڵامەکە، سەرۆکایەتیى پەرلەمان باس لەوە دەکات، پرسی پاسەوان و بە گرێبەست دامەزراندنیان پەیوەندیی بە حکومەتەوە هەیە و ئەوان لێی بەرپرس نین.
لە نوسراوەکەدا باس لەوە کراوە، بەپێى یاسا سەرۆکى پەرلەمان بۆى هەیە ٤٠ پاسەوان و جێگرەکەى ٢٠ پاسەوان و سکرتێرى پەرلەمانیش هەشت پاسەوانى هەبێت.
ئاماژە بەوەش کراوە، دەستەى سەرۆکایەتى هیچ پاسەوانێکیان بۆ دانەنراوە و گروپێک لە پەرلەمانتاران زیادەڕەوییان لەسەر پەرلەمان و سەرۆکایەتى کردووە.
دەستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمان ئاگاداری پەرلەمانتارانى کردووەتەوە پابەندی ڕێوشوێن و پەیڕەو و عورفی پەرلەمانى بن و داواکارییەکانیان لە ڕێگەى فەرمییەوە بگەیەننە سەرۆکایەتى.

