سەردێڕ:

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق هۆشداریدایە حزبەکان

لۆگۆی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانى عێراق
فۆتۆ: 
2019-07-04

2088 جار خوێندراوەتەوە

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانى عێراق هۆشداریدەدات بەو حزبانەى لە وادەی خۆیدا کۆنگرەیان نەبەستووە و دەڵێت، هەر حزبێک لە ماوەى ٩٠ ڕۆژدا کۆنگرە نەبەستێت ڕێکارى یاساییان بەرامبەر دەگرێتەبەر و ڕێگەیان پێنادرێت بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکەن.

فەرمانگەی کاروباری حزبەکان و رێکخراوە سیاسییەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق نوسراوى بۆ ٢٠ حزب و ڕێکخراوى سیاسیی ناردووە، لەناویشیاندا پارتی و یەکێتی هەیە، کە دەبێت لەماوەى دیاریکراودا کۆنگرە ببەستن، ئەگەر نا ڕێگەیان پێنادرێت لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکاندا بەشدارى بکەن.

ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستە ئەو حزبانە لەماوەى ٩٠ ڕۆژ و دواى بڵاوبوونەوەى بڕیارەکە لە ڕۆژنامەکان کۆنگرە ببەستن.

هاوکات شوان داودى پەرلەمانتارى خولى پێشووى پەرلەمانى عێراق بە ئێن ئاڕ تى ڕایگەیاند، ئەو بڕیارە لە چوارچێوەى یاساى حزبەکانە کە لەخولى پێشووى پەرلەمان دەرچووە و لەئێستادا جێبەجێدەکرێت.

کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق ١٦ى ١١ى ئەمساڵى دیاریکردووە، بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان.