سەردێڕ:

نەرویج نۆ ملیۆن دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق تەرخانکرد

فۆتۆ: 
2019-07-04

796 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی نەرویج بە ڕێکەوتنێک لەگەڵ پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان (UNDP) بڕی نۆ ملیۆن دۆلاری تەرخانکرد بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی عێراق کە بەهۆی شەڕی داعشەوە زیانیان بەرکەوتووە.

ماڵپەڕی ڕیلیف وێبی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاویکردووەتەوە، حکومەتی عێراق و بەرپرسانی ناوخۆ کاری لەپێشینەییان لە ئاوەدانکردنەوەی عێراق دیاریکردووە و بە پشتبەستن بەو زانیاریانە، ناوەندی هاوکارییە داراییەکان بۆ سەقامگیری کە ناوەندێکی سەر بە پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکانە، هاوکاردەبێت لە چاککردنەوەی ژێرخانی وڵاتەکە و هاوکاریکردنی تواناکانی حکومەت و دابینکردنی دەرفەتی هەلی کاری کورتخایەن بۆ هاوڵاتیان.

زەنا عەلی ئەحمەد نوێنەری پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق وتوویەتی، کاری لەپێشینەییان لە ئاوەدانکردنەوەی عێراق، ئەو ناوچانە دەبێت کە زۆرترین ماوە لە ژێر دەستی داعشدابوون و درەنگتر کۆنتڕۆڵکراونەتەوە.

وتوشیەتی، ئەو ناوچانە کەمتر ئاوارەیان بۆ گەڕاونەتەوە و نەتەوەیەکگرتووەکان کاردەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان، نەرویجیش پاڵپشتییەکی گرنگە لەو هەوڵانە.

لە ساڵی ٢٠١٥ەوە، ئەمە ١٠یەم جارە نەرویج هاوکاری عێراق دەکات و تا ئێستا ٤٥ ملیۆن دۆلاری لە ڕێگەی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بۆ عێراق تەرخانکردووە و بەوەش نەرویج بووەتە حەوتەم وڵاتی بەخشەر لە کۆی ٢٧ وڵات کە هاوکاریان پێشکەشی ناوەندی هاوکارییە داراییەکانی سەقامگیری سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە.

هـ.ع