فۆتۆ:
2019-07-04
12068 جار خوێندراوەتەوە
جارێکی تر شەڕ و ڕوبەڕوبوونەوە لەنێوان سوپای پاسداران و گەریلاکانی پەکەکە لە پارێزگای ئورمیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویدا و بەهۆیەوە سێ گەریلا شەهیدبوون.
ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، دوێنێ لە بەرزاییەکانی بوڕاڵانی سەر بە پارێزگای ئورمیە شەڕ لەنێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای پاسدارانی ئیراندا ڕوویداوە و بەو هۆیەشەوە سێ گەریلا شەهیدبوون و گەریلایەکیش بە دیل گیراوە.
میدیاکانی سەر بە سوپای پاسدارانیش ئاماژەیان بەوەکردووە، گروپێکی چەکداریان لەناو بردووە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی هیچ حزب و گروپێک بدەن، تا ئێستاش پەکەکە هیچ زانیارییەکی لەبارەی شەڕەکە و شەهیدبوونی ئەو ژمارە گەریلایە بڵاونەکردووەتەوە.
ڕۆژی سێشەممەش، شەڕ و ڕوبەڕوبوونەوە لەنێوان سوپای پاسداران و گەریلاکانی پەکەکە لە پارێزگای ئورمیە ڕوویدا و بەهۆیەوە سێ پاسدار کوژران و دوو گەریلاش شەهیدبوون.
ڕۆژی ١٨ی مانگی ڕابردووش، شەڕ و ڕوبەڕوبوونەوە لەسنووری شاری مەریوان روویداو هیچ هێزێکی کوردیش بەرپرسیارێتی ئەو شەڕەی لەئەستۆ نەگرت.