سەردێڕ:

فەڕەنسا: ئەگەر ئێران لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بکشێتەوە هیچی دەستناکەوێت

فۆتۆ: 
2019-07-04

2949 جار خوێندراوەتەوە

فەڕەنسا لەبارەی زیادکردنی ڕێژەى پیتاندنى یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە هۆشداریدەدات و دەڵێت، ئێران هیچ شتێکى دەستناکەوێت لە پێشێلکردنى ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە.

ئانیس ڤۆن دێر موڵ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەى فەرەنسا ئاماژەى بەوەشکرد، ئێران هیچ شتێکی دەستناکەوێت ئەگەر لە ڕێكەوتننامەکەی ڤییەنا بێتە دەرەوە، جگەلەوەى ئاستى گرژییەکان لە ناوچەکە زیاتردەکات.

وتیشى، فەڕەنسا و هاوبەشە ئەوروپییەکانی داوا لە ئێران دەکەن پاشگەزبێتەوە لەو کارەی کردوویەتی و هیچ ڕێوشوێنێکی دیکە نەگرێتەبەر، کە ببێتە هۆی لەناوبردنی ڕێککەوتنە ناوەکییەکە.

ڕۆژی دووشەممەى ڕابردوو ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەى ڕێژەى یۆرانیۆمی پیتێنراوى بۆسەرو ئەو ڕێژەیە بەرزرکردۆتەوە کە بەپێی ڕێکەوتنە ناوەکیەکە بۆی دیاریکراوە، ئەمەش یەکەمین پێشێلکاری ئێران بوو لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا.