سەردێڕ:

هەولێر.. لەماوەی شەش مانگدا ٨٥ کەس بە رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە

فۆتۆ: 
2019-07-04

1898 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هەولێر، ئومێد چۆمانی

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر ئاماری شەش مانگی رووداوەکانی هاتوچۆی سنورەکەی بڵاوکردەوە، بە گوێرەی ئامارەکە لەو ماوەیەدا ٨٥ کەس بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوە و ٥٣٥ کەسیش برینداربوون.

فازڵ حاجی، وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا باسی لەوەکرد، بەبەراورد بە شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ ئەمساڵ رووداوەکانی هاتوچۆ لە پارێزگای هەولێر کەمیکردووە.

وتیشی، لە شەش مانگی رابردوودا زیاتر ١٤٩هەزار حاڵەتی سەرپێچیکردن تۆمارکراوە و ٥٢٣ رووداوی هاتوچۆش روویداوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٥١ هەزار ئۆتۆمبێلی نوێ تۆمارکراوە، هاوکات بەهۆی سەرپێچیکردنەوە هێزەکانییان دەستیانگرتووە بەسەر ٦٥١ ئۆتۆمبێل و ٦٧٢ ماتۆڕسکیل.

ڕووداوەکانی هاتوچۆ بە یەکەم هۆکاری گیانلەدەستدانی هاوڵاتیان دادەنرێت لە هەرێمی کوردستاندا، بەپێی ئامارەکانیش، لە ١٥ ساڵى ڕابردوودا، زیاتر لە ١٠ هەزار کەس لە هەرێمى کوردستان بەهۆی ڕووداوەکانى هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٠٠ هەزار هاوڵاتی دیکەش کەمئەندام و برینداربوون.

هـ.ع