سەردێڕ:

ئەردۆغان:رادەستنەکردنی فڕۆکەی ئێف ٣٥ بە تورکیا هاوشیوەی "دزی" کردنە

فۆتۆ: 
2019-07-04

7340 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، پێنەدانی فڕۆکەی جەنگی ئێف ٣٥ لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە "یەکسانە بە دزی"، لە کاتێکیدا تورکیا ١.٤ ملیار دۆلاری بۆ کڕینی ئەو فڕۆکانە داوەتە ئەمریکا.

میدیاکانی ناوخۆی تورکیا بڵاویانکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکردووە، "رەتکردنەوەی پێدانی فڕۆکەی جەنگی ئێف ٣٥ بە وڵاتەکەی یەکسانە بەدزی"، لێدوانەکەش لە دوای توندبوونەوەی ململانێکانی نێوان واشنتن و ئەنقەرە هات دەربارەی کڕینی سیستمێکی دژە موشەکی روسیی لە لایەن ئەنقەرەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تورکیا ١.٤ ملیار دۆلار بۆ کڕینی چوار فڕۆکەی ئێف ٣٥ داوەتە واشنتن و ئێستا چوار فڕۆکەوانی تورکیا لەو وڵاتەکە راهێنان دەکەن، "ئەگەر تۆ بە گوێرەی رێککەوتنەکە پارەی هەموو شتێکتدا، بەڵام ئەو شتە بە کڕیارەکەت نەدەی، ئەگەر ئەوە دزی نیە چیە".

دوێنێ چەند بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیان راگەیاند، ئیدارەی ئەمریکا هێشتا تاوتوێی سەپاندنی سزا دەکات بەسەر تورکیا لە بەرامبەر پابەند نەبوونی بە داوایەکی ئەمریکا بۆ دەستبەرداربوونی سیستەمی موشەکی رووسی جۆری ئێس ٤٠٠.

باسیان لەوەشکرد "یەکێک لە سزاکان ئەوە دەبێت ئەمریکا تورکیا لە پرۆگرامی فڕۆکەی ئێف ٣٥ بێبەشدەکرێت، و ڕێگریدەکرێت لە بەشداریکردنی تورکیا لە لایەنی پیشەسازی و دابینکردنی ئەو پرۆگرامە ".

ئەوەش لە کاتێکدایە سەرۆک کۆماری تورکیا لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە پەراوێزی لوتکەی جی ٢٠ لە ژاپۆن، بە میدیاکانی ڕاگەیاندبوو، ترەمپ دڵنیایی پێداوە کە بەهۆی بەدەستهێنانی سیستەمە موشەکیەکەی روسیاوە سزا بەسەر تورکیادا ناسەپێنێت.

 

هـ.ع