سەردێڕ:

رۆژهەڵاتی کوردستان.. لە شەش مانگدا ٣٩ کۆڵبەر کوژراون

فۆتۆ: 
2019-07-04

440 جار خوێندراوەتەوە

ڕێکخراوی هەنگاو ڕایگەیاند، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٣٩ کۆڵبەر کوژراون یان گیانیان لەدەستداوە و ٩١ کۆڵبەریش برینداربوون.

ڕێکخراوى هەنگاو بۆ مافەکانى مرۆڤ ئاماژەى بەوەشکردووە، لەسەدا ٧٠ی ئەو کۆڵبەرانە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران پێكراون.

ئەوەشخراوەتەڕوو، کە زۆرترین ژمارەی کوشتن و برینداربوونی کۆڵبەر لە ئورمییە بووە، کە لە سنوری ئەو شارەدا ١٩ کۆڵبەر کوژراون و ٧٢ ی دیکەش برینداربوون، لە سنەش ١٤ کۆڵبەر کوژراون و لە کرماشانیش دوو کۆڵبەر کوژراوە.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوەکە، سێ مێردمنداڵ لەناو کۆڵبەرە کوژراوەکاندان کە تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵییەوەیە.

ئەوەش لە کاتێکدایە بەشێک لە هاوڵاتییانی کورد ساڵانێکە لە نێوان باشور و رۆژهەڵاتی کوردستاندا ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان لەسەر پیشەی کۆڵبەری دابین دەکەن، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە پیشەکەیان وەکو کارکردن لە دەرەوەی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، بەو هۆکارەش تا ئێستا هەزران کۆڵبەری کورد بونەتە قوربانی.

هـ.ع