سەردێڕ:

ڕەقە.. لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا ٢٠٠ تەرم دەرهێنرانەوە

فۆتۆ: 
2019-07-03

2114 جار خوێندراوەتەوە

تیمێکی تایبەت بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە باکوری سوریا، تەرمی ٢٠٠ کەسیان لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا لە پارێزگای رەقە دەرهێنایەوە، کە بریتین لە کوژراوانی دەستی داعش.

لێپرسراوێکی تیمی وەڵامدانەوەی کتوپڕ لە رەقە ڕایگەیاند، ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە دەیان چاڵی تێدایە و هەر چاڵێک پینج تەرمی تێدا شاردراوەتەوە، کە سەرجەمیان جلی پرتەقاڵییان لەبەردایە، کە بریتییە لەو بەرگەی رێکخراوی داعش لەبەری زیندانی و فڕێنراوەکانی ژێر دەستی دەکرد.

بە وتەی ئەو لێپرسراوە، زۆربەی ئەو تەرمانەی دەرهێنراونەتەوە مێژووی ناشتنیان دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە دوو ساڵ لەمەوبەر و هەموویان شوێنی فیشەک بە سەریانەوەیە.

ئەو تیمە لە یەکێک لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا تەرمی سی ژنیان دۆزیوەتەوە، کە هەموویان ئێسکی کەلـلەی سەریان شکاوە، ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی رێکخراوی داعش ئەو کەسانەی لە ڕێگەی بەردبارانکردنەوە کوشتووە.

ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە دوو مانگ لەمەوبەر لە باشوری شاری رەقە دۆزراوەتەوە، کە بە دیارترین پێگەی رێکخراوی داعش لە سوریا دادەنرا.

ئەو لێپرسراوەی سەرپەرشتیی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ڕەقە دەکات ئاماژەی بەوەش کرد، پێدەچێت ژمارەی تەرمەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادببێت، چونکە تا ئێستاش کاری هەڵدانەوە و پشکنین بەردەوامە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، هەر لەمساڵدا گۆڕێکی بەکۆمەڵی دیکە لە دەوروبەری شاری ڕەقە دۆزرایەوە، دوای هەڵدانەوەی تەرمی سێ هەزار و ٥٠٠ کەسی لێ دەرهێنرایەوە.

ڕێکخراوی داعش لە ماوەی دەسەڵاتی لە بەشێکی سوریا و عێراق، بۆ چاوترساندنی ناوچەکانی ژێر هەژموونی خۆی، ناوبەناو زنجیرەیەک سزای لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی بەڕێوەدەبرد، بەتایبەت لە دژی ئەو کەسانەی دەستبەسەری دەکردن یان بە تۆمەتی جیاجیا تۆمەتباری دەکردن کە فەرمانەکانیان جێبەجێ ناکات.

ع.م