سەردێڕ:

سوپای ئێران بە چەکێکی نهێنی هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات

فۆتۆ: 
2019-07-03

13459 جار خوێندراوەتەوە

سوپای ئێران ئاشکرایکرد، چەکێکی نهێنییان هەیە و پەنا بۆ بەکارهێنانی دەبەن لە دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەش کردووە، سەردەمی نمایشی سەربازی لەبەردەم ئێران بەسەرچوو.

ئەمیر سەباحی فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە (٣ی تەموزی ٢٠١٩) ڕایگەیاند، "وەستانی هێزەکانی ئەمریکا لە دووریی ٢٠٠ میلەوە لە دەریاوە، بەهۆی هێز و توانای سەربازی و هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوەیە، دوژمن چاک دەزانێت ئێران قابیلی تاقیکردنەوە نییە، یەکەم هەڵە کە دەیکات، ئەوە دوا هەڵەش دەبێت."

ئاماژەی بەوەش کردووە، پێویستە لەسەر ئەمریکا هەرگیز لەبیری نەچێت، کە نمایشی سەربازی لە بەرامبەر ئێران ئیتر بەسەرچوو، "چونکە چەکێکی نهێنیمان هەیە تایبەتە بە خۆمان و بەرگریی پێ دەکەین."

ئەو فەرماندە باڵایەی سوپای ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا متمانەی پێ ناکرێت، چونکە لە لایەنی سیاسییەوە دوا فشاری خۆی بەکاردەهێنێت و هێزی سەربازیی خۆی لە کەنداو خڕکردووەتەوە، دەشیەوێت "ویستە پیسەکانی" خۆی بەسەر ئیرادەی گەلی ئێراندا بسەپێنێت، لە لایەکی ترەوە تەپڵی شەڕ لێ دەدات و بازگەی گەمارۆ و سزاکانی بۆ سەر ئێران فراوانتر دەکات، لەو کاتەشدا دەیەوێت گفتوگۆ بکات، بۆیە دوای هەموو ئەو شتانە ناتوانرێت متمانە بە ئەمریکا بکرێت.

بەهۆی فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و هەڕەشەکانی ئێران بۆ دەستپێکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی و ئاڵۆزییەکانی مانگی ڕابردووی کەنداو، ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتووەتە ئاستێک مەترسی روودانی جەنگ دەکرێت لە ناوچەکەدا.

دوێنێش دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دایە ئێران و ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بە پیتاندنی زیاتری ماددەی یۆرانیۆم یاری بە ئاگر دەکەن.

ئەمڕۆش حەسەن ڕۆحانی بە میدیاکانی ئێرانی ڕاگەیاندووە، ئەگەر وڵاتانی ئەوروپا پابەند نەبن بە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی نێوانیانەوە، ئەوا ئەوانیش لە پیتاندنی زیاتری یۆرانیۆم بەردەوام دەبن و تا دوای ڕۆژی یەکشەممەش ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بە ڕێژەی نزیکەی ٤% بەرزدەکەنەوە.

ع.م


‌بەپەلە