سەردێڕ:

عێراق هاوردەکردنی چەند خۆراکێکی دیکەى لە تورکیاوە قەدەغەکرد

فۆتۆ: 
2019-07-03

12417 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، هەولێر، هێرش قادر

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، عێراق بە بڕیارێک هاوردەکردنی خوێ، پاستا و شعریەی لە تورکیاوە  قەدەغەکردووە و وەزارەتى بازرگانى هەرێمیش دەڵێت، دواتر بڕیارى جێبەجێکردن یان نەکردنى لە هەرێم دەدرێت.

ڕۆژنامەی دەیلی سەباحی تورکی نوسیویەتی، سەرباری ئەوەی دانوستانەکانی نێوان عێراق و تورکیا بۆ لابردنی بەربەستەکانی بەردەم بازرگانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەردەوامە، بەڵام عێراق بەربەستی زیاتر بۆ بازرگانییەکان دادەنێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ قەدەغەکردنی هاوردەی چەند جۆرێکی خۆراک لە تورکیاوە بۆ عێراق دواى ٦٠ رۆژ لە دەرچوونی دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تا ساڵێکیش کار بە بڕیارەکە دەکرێت، بەڵام لە ئێستادا هاوردەکردنی پاستا لە تورکیاوە بەتەواوی ڕاگیراوە.

بەرپرسانی پیشەسازی تورکیا ئەو بڕیارەی بەغدا بۆ قەدەغەکردنی پاستا و شعریەی تورکی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، کە عێراق دەیەوێت زیاتر گرنگی بە بەرهەمی ناوخۆ بدات، پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان تورکیا و عێراقیش بەهۆکارێکی دیکە دەزانن.

سەبارەت بە جێبەجێکردنى بڕیارەکە لە هەرێم، نەوزاد ئەدهەم بەڕێوبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی بە دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى راگەیاند، هەر بڕیارێک لە بەغدادوە دەربچێت دێتە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و دواتر بۆ وەزارەتی دارایی ئەوکات بریاری لەسەر دەدرێت کە لە هەرێم جێبەجێ دەکرێت یاخود نا.

وتیشی، چاوەڕوانی ناردنی بریارەکە دەکەن، ئەگەر جێبەجێش بکرێت ٤٥ ڕۆژ دەدەین بە بازرگانان تا ئەوەی ماویانە بیهێنن.

ئەوەش لەکاتێکدایە بە بڕیارێکی بەغدا، لە مانگی ئایاردا هاوردەکردنی هێلکەی تورکیا قەدەغەکراوە، مانگی حوزەیرانی رابردووش هاوردەکردنی بەرهەمی ئایسکریم لە تورکیاوە قەدەغەکرا.