سەردێڕ:

پەرلەمانی عێراق ڕەزامەندی دەربڕی لێکۆڵینەوە لەگەڵ شەش وەزیری کارەبادا بکرێت

فۆتۆ: 
2019-07-03

2259 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانی عێراق رەزامەندی نیشاندا لەسەر لێکۆڵینەوە لەگەڵ ٦ وەزیری کارەبا، کە لە کابینە جیاجیاکانی حکومەتدا ئیدارەی وەزارەتی کارەبایان بە دەستەوە بووە.

سەباح ساعدی ئەندامی لیژنەی نەزاهە لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئەمڕۆ سێشەممە (٢ی تەموزی ٢٠١٩) ڕایگەیاند، داوایەکیان ئاراستەی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان کردووە، بۆ لیکۆڵینەوە لەگەڵ سەرجەم ئەو وەزیرانەی وەزارەتی کارەبا لە ساڵی ٢٠٠٦ وە تا ساڵی ٢٠١٩) بە دەستەوە بووە.

ساعیدی ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لەو وەزیرانەی کارەبا داواشیانکردووە لێکۆڵینەوە لەگەڵ دوو جێگری سەرۆک وەزیراندا بکرێت، کە یەکێکیان لە ئێستادا بەردەوامە لە کارەکەی.

ئەو وەزیرانەش بریتین لە (موحسین شەلال) و (کەریم وەحید) و (رەعد شەلال) و (کەریم عەفتان) و (قاسم فەهداوی) و (لوئەی خەتیب)، هەروەها لێکۆێنەوەکان هەر یەکە لە حسین شەهرستانی و سامر غەزبان جێگرانی سەرۆک وەزیران دەگرێتەوە.

ساعدی روونیکردەوە، محەمەد حەلبوسی سەرۆک پەرلەمان رەزامەندی نیشانداوە لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە، کە بە ئیمزای ٧٦ پەرلەمانتار پێشکەشکراوە و بە فەرمانی سەرۆکی پەرلەمان خراوەتە خشتەی کاری پەرلەمانەوە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، ئەو بودجەیەی لەچەند ساڵی ڕابردوودا لە  پرۆژەکانی کارەبادا خەرجکراوە گەیشتووەتە بڕی ٥٠ ملیار دۆلار، بەڵام کێشەی ڕاستەقینە لە عێراقدا تەشەنەکردنی گەندەڵییە لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، بە تایبەتیش لە کەرتی کارەبادا.

ساعدی وتی " لەگەڵ ئەوەی دەیان ملیار دۆلار بۆ کێشەی دابینکردنی وزەی کارەبا تەرخانکراوە، بەڵام یەکێک بووە لەو کێشانەی کە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان هیچ چارەسەرێکی ڕیشەییان بۆ نەدۆزیتەوە".

ئەوەش لە کاتێکدایە سەرباری خەرجکردنی ئەو بودجە زەبەلاحە بۆ دابینکردنی وزەی کارەبا لە عێراقد، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا نەبوونی کارەبای پێویست بۆ هاوڵاتیان، یەکێک بووە لە کێشە سەرەکییەکان و هاوڵاتیانی ناوچە جیاوازەکانی عێراق، سەدان جار گردبوونەوەیان بۆ ڕێکخستووە.

حکومەتی عێراق لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای سیمنسی ئەڵمانیدا بە بڕی ١٤ ملیار یۆرۆ ئیمزاکردووە، بە مەبەستی گەشەپێدانی کەرتی کارەبا لە عێراقدا.

ع.م