سەردێڕ:

حەشدی شەعبی: بەناوی خۆمانەوە لە ناو سوپای عێراقدا بەردەوام دەبین

فۆتۆ: 
2019-07-02

7540 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی لە عێراق رایگەیاند، بڕیارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانیان لەگەڵ سوپای عێراق بۆ رێکخستنەوەی ئەرکی حەشدی شەعبییە، جەختیشیکردەوە، هێزەکانیان هەر بەو ناوەوە بەردەوام دەبن.

کەریم نوری، یەکێک لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی بە رادیۆ سپۆتینگی روسی راگەیاندووە، ماوەی رابردوو بەشێک لە پارتە سیاسییەکان هێزەکانیان لەناو حەشدی شەعبیدا لە ململانێی سیاسیدا بەکارهێناوە، بڕیارەکە رێگری لەو هەنگاوە دەکات، هاوکات بڕیارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رێگا دەگرێت لەبەردەم تۆمەتبارکردنی هێزەکانیان بە لایەنگریکردن و هاوسۆزی بۆ ئێران.

باسی لەوەش کردووە، هێزەکانی حەشدی شەعبی بە هەمان ناوی خۆیان لەناو سوپادا بەردەوام دەبن، بەڵام نابنە جێگرەوەی سوپا و نوێنەرایەتیی هیچ پارتێکی سیاسیی تێدا نابێت و بە فەرمانی سەرۆک وەزیران جوڵەی پێ دەکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، هەروەکو لە بڕیارەکەدا هاتووە لەمەدوا بارەگای هێزەکانیان لە ناو شارەکاندا بوونی نامێنێت و هەمان ئەرکی سوپای عێراقیان لە ئەستۆدا دەبێت.

روونیشیکردووەتەوە، ئەو بڕیارە بە هەمان ناوەڕۆکەوە لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانی پێشوودا دەرچووە، بەڵام لەبەر کۆمەڵێک هۆکار جێبەجێ نەکرا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا، لەمەودوا هێزەکانی حەشدی شەعبی ببنە بەشێک لە هێزە فەرمییەکانی دەوڵەت و دەستبەرداری هەموو ناوێکی ناسەربازی ببن، لەناویشیاندا حەشدی عەشایەری.

لە بڕیارەکەی عادل عەبدولمەهدیدا هاتووە، هێزەکانی حەشدی شەعبی وەکو بەشێک لە سوپای عێراق مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و بە فەرمانی سەرۆک وەزیران و بە رەزامەندیی ئەنجومەنی نوێنەران جوڵەیان پێ دەکرێت، هەروەها سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کە سەرپەرشتیی هەموو رێکخستنەکانی هێزەکە دەکات، لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە دەستنیشاندەکرێت.

هـ.ع