سەردێڕ:

عێراق ڕێگا چارەی دۆزیوەتەوە بۆ کڕینی وزە لە ئێران

فۆتۆ: 
2019-07-02

2028 جار خوێندراوەتەوە

سێ بەرپرسی عێراقی ڕاگەیاندووە، عێراق ڕێگا چارەیەکی دۆزیوەتەوە بۆ بەردەوامبوون لە کڕینی گاز و وزەی کارەبا لە ئێران.

یەکێک لەو سی بەرپرسە بە ئاژانسی هەواڵی فرانسی پرێسیان ڕایگەیاندووە، دوای چەندین مانگ لە گفتوگۆی نێوان بەرپرسانی عێراق و ئێران لەلایەک و عێراق و ئەمریکا لە لایەکی دیکە توانراوە ئەو ڕێگا چارەیە بدۆزرێتەوە.

هەر لەوبارەیەوە بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، واشنتۆن ئاگاداری ئەو ڕێوشوێنەیە کە عێراق گرتوویەتیە بەر.

ئاماژەشیان بەوەکردووە، عێراق بەردەوام دەبێت لە بەخشینی شایستە داراییەکانی ئێران لەبەرامبەر هاوردەکردنی گازدا بەڵام ئەو راستەوخۆ داهاتەکەی بە ئێران نابەخشێت بەڵکو، بە دراوی عێراقی لە بانکێکی تایبەتی عێراقدا هەڵدەگیرێت.

بەرپرسەکان وتوشیانە، ئێران ناتوانێت شایستە داراییەکەی لە بانقەکەی عێراق بکشێنێتەوە بەڵام دەتوانێت بەکاریبهێنێت بۆ کڕینی شتومەک لە دەرەوەی عێراق.

ئەمەش لەکاتێکدایە پێشتر بیژان زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران ڕایگەیاندبوو، عێراق بە بڕی ٢ ملیار دۆلار گاز و وزەی کارەبای لە ئێران کڕیووە.

بەم ڕێگەیە بەغدا دەتوانێت خواستی کارەبای وڵاتەکە لەڕێگەی ئێرانەوە دابینبکات بە بێ ئەوەی سزاکانی ئەمریکا کە بەسەر ئێراندا سەپاندوونی پێشێل بکات.

ئەوە لە کاتێکدایە مانگى ڕابردوو ئەمریكا، مۆڵەتی سێ‌ مانگی تری لە سزا سەپێنراوەكانی سەر ئێران، بۆ عیراق درێژكردەوە، تا كارەبا و غاز لە ئێران بكڕێت.