سەردێڕ:

موقتەدا سەدر گروپەکەی خۆی لە حەشدی شەعبیدا هەڵوەشاندەوە

فۆتۆ: 
2019-07-01

7021 جار خوێندراوەتەوە

موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر بڕیاریدا فەرمانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق جێبەجێ بکات لە هەڵوەشاندنەوەی گروپ (سەرایا سەلام)ی سەر بە دەستەی حەشدی، کە خۆی دروستکردووە و پچڕاندنی پەیوەندیی خۆی لەو گروپە ڕاگەیاند.

موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ دووشەممە (١ی تەموزی ٢٠١٩) ڕایگەیاند، ئەو بڕیارەی لە سەرۆک وەزیرانەوە دەرچووە، هەنگاوێکی یەکەم و ڕاستەقینەیە بە ئاراستەی بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز، بەڵام دودڵی خۆشی نیشاندا لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە.

هاوکات موقتەدا سەدر داوای لە ئەبو یاسر فەرماندەی باڵای سەرایا سەلام کردووە، بڕیارەکە جێبەجێ بکات و بەشێوەیەکی بە پەلە سەرجەم بارەگاکانی گروپە دابخات، ناوەکەشی هەڵوەشێنێتەوە و سەرجەم "براکان" بە سوپاسەوە بگەڕێنەوە سەر کارەکانی خۆیان.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا موقتەدا سەدر سەبارەت بە چارەنووسی سەرایا سەلام  لە خۆیەوە ڕایگەیاندووە " لێرەوە جیابوونەوەی خۆم ڕادەگەیەنم و بەشێوەیەکی تەواوەتی، ئەگەریش پەیوەندییان کرد بە لایەنە ئەمنییەکانەوە هیوادارم زوڵمیان لێنەکرێت کە تا ئێستاش پێوەی دەناڵێنن".

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا موقتەدا سەدر ستایشی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کردووە سەبارەت بە دەرکردنی ئەو بڕیارە، هیوادارە بە پەلە جێبەجێی بکات، بە مەبەستی پاراستنی هەیبەتی عێراق و سوپا و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی.

ئەوەش لە کاتێکدایە سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا، لەمەودوا هێزەکانی حەشدی شەعبی ببنە بەشێک لە هێزە فەرمییەکانی دەوڵەت و دەستبەرداری هەموو ناوێکی ناسەربازی ببن، لە ناویشیاندا حەشدی عەشایەری.

لە بڕیارەکەی عادل عەبدولمەهدیدا هاتووە، هێزەکانی حەشدی شەعبی وەکو بەشێک لە سوپای عێراق مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و بەفەرمانی سەرۆک وەزیران و بە رەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران جوڵەیان پێدەکرێت، هەروەها سەرۆکی دەستەی حەشدی کە سەرپەرشتی هەموو رێکخستنەکانی هێزەکە دەکات لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە دەستنیشاندەکرێت.

ع.م