سەردێڕ:

بەغدا.. دوای ١٦ ساڵ کارکردن بە هێماکانی هاتوچۆ دەستیپێکردەوە

دیمەنێک لە شاری بەغدا
فۆتۆ: 
2019-07-01

1657 جار خوێندراوەتەوە

دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ١٦ ساڵ بەسەر پرۆسەی ئازادکردنی عێراق لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، حکومەتی عێراق رایگەیاند، دەستیانکردووە بە پابەندبوون بە هێماکانی هاتوچۆ لە تەواوی شەقامە سەرەکی و لاوەکییەکانی بەغدا.

ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، پابەندبوون بە هێماکانی هاتوچۆ لە تەواوی شەقام و ناوچە جیاوازەکانی بەغدای پایتەخت جێبەجێ دەکرێت، ئەو هەنگاوەشی بە جێگای رەزامەندیی هاوڵاتییان وەسفکردووە.

پێشتر لە بەشێک لە شەقامە سەرەکی و لاوەکییەکانی بەغدا پابەندبوون بە رێنمایی و هێماکانی هاتوچۆ لەلایەن هاوڵاتییان و شۆفێران بەدینەدەکرا، بەو هۆکارەش هاوڵاتییان و شۆفێران بەبێ لێپرسینەوە بە ئاسانی سەرپێچیی رێنماییەکانیان کردووە، ئەوەش لە بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی بەغدا بەدیکراوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی ١٦ ساڵی رابردوودا بە هۆکاری دروستکردنی بەربەستی کۆنکرێتی و گرتنی بەشێک لە شەقام و ناوچە جیاوازەکان لە بەغدا، فشارێکی زۆر لەسەر شەقامە سەرەکییەکان دروستبوو، هاوکات زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان و زیادبوونی بەردەوامی رێژەی ئۆتۆمبێل لە پێشبینییەکانی ئەمیندارییەتی گشتیی بەغدا زیاتربووە.

هـ.ع