سەردێڕ:

بۆ لێپرسینەوە لە وەزیری دارایی عێراق ئیمزا کۆکراوەتەوە

بە داوایەک ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمان کراوە
فۆتۆ: 
2019-06-30

5189 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە (٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٩) ئیمزایان کۆکردووەتەوە وەک رێگەخۆشکردنێک بۆ لێپرسینەوە لە فوئاد حسێن وەزیری دارایی عێراق.

بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی کە دەست دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی کەوتووە، پەرلەمانتار سادق مەدلول سوڵتانی سەرکردایەتیی هەڵمەتی کۆکردنەوەی ئیمزاکان دەکات لە ناوخۆی پەرلەمان، بە مەبەستی بانگهێشتکردن و لێپرسینەوە لە فوئاد حسێن.

وەک لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە، کە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە، "پشت بەست بە مادەی ٦١ی بڕگەی حەوت لە دەستووری عێراق و مادەی ٢٧ی بڕگەی حەوت، لە یاسای پەرلەمان و پێکهاتەکانی ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠١٨ و مادەی ٥٨ لە پەیڕەوی ناوخۆیی پەرلەمان، تکایە ڕەزامەندی بفەرموون بە لێپرسینەوە لە وەزیری دارایی."

بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانە، تا ئێستا ٦١ ئیمزا کۆکراوەتەوە بۆ لێپرسینەوە لە فوئاد حسێن وەزیری دارایی عێراق.

بەگوێرەی مادەی ٥٨ی دەستووری عێراق، بە ڕەزامەندی و ئیمزای ٢٥ پەرلەمانتار دەتوانرێت داوایەک بەرزبکرێتەوە بۆ سەرۆکی پەرلەمان، بە مەبەستی داواکردن بۆ لێپرسینەوە لە کەسێکی ناو ئیدارەی دەوڵەت کە سیفەتی گشتیی هەبێت، بەڵام نابێت لێپرسینەوەکە بابەتی ئەوتۆی تێدا باسبکرێت پێچەوانەی دەستور و یاسا بێت، یاخود باس لە شتێک بکرێت پەیوەندیی نەبێت بە کاروباری حکومەتەوە.

ع.م