سەردێڕ:

سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق: پێوستە کۆتایی بهێنرێت بە ئیدارەدانی دەوڵەت بە وەکالەت

فۆتۆ: 
2019-06-29

1236 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆبوونەوە و گفتوگۆیان کرد دەربارەی کۆتایی هێنان بە دۆسیەی ئیدارەی بە وەکالەت و پشتیوانیکردن لە حکومەت بۆ هەڵبژاردنی کەسی شیاو بۆ پۆستە پڕنەکراوەکان.

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە بەیاننامەکەیەکدا ئەمرۆ شەممە (٢٩ی حوزەیرانی ٢٠١٩) بڵاویکردەوە، هەر سێ سەرۆکایەتییەکە بە ئامادەبوونی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان و عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆمار لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ کراوە دەربارەی مۆڵەتپێدانی حکومەت تا ٢٤-١٠-٢٠١٩ کە وادەی تەواوکردنی ساڵێکە لە تەمەنی حکومەت، لە پێناو کاندیدکردنی کەسانی شیاو بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت و کۆتایی هێنان بە دیاردەی بەڕێوەبردنی ئیدارەی دەوڵەت بەشێوەی وەکالەت لە پۆستە حکومییەکاندا.

هەروەها جەختیکراوەتەوە لە هەڵبژارنی کەسانی لێوەشاوە و پاک و بۆ پۆستەکانی دەولەت و وەدیهێنانی هاوسەنگی نیشتیمانی دوور لە هەموو بەشبەشکارییەک.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە هەرسێ سەرۆکایەتییەکە جەختیانکردووەتەوە لە پێویستی قۆرغکردنی چەک بە دەست دەوڵەت و چەسپاندنی سەروەری نیشتیمانی، بە هەموو توانایەکیشەوە لە دژی هەر کەسێک  بوەستێتەوە بیەوێت عێراق تێکەڵ بە ململانێ و ناکۆکییە دەرەکییەکان بکات.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق جەختیکردووەتەوە لە پێیویستی بنیاتنانی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، کە بەرژەوەندنی نیشتیمانی تێدا ڕەچاوکرابێت.

هەروەها بە بایەخەوە باس لە پاراستنی نوێنەراتی و باڵیۆزخانەکان کراوە لە عێراق و گرتنەبەر هەموو ڕێوشوێنێکی یاسایی لە دژی هەر کەسێک بیەوێت یاری بە ئاسایش و ئارامی ئەو نوێنەرایەتییانە بکات، کە لە عێراقدا بوونیان هەیە.

ئەو کۆبوونەوەیەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە کاتێکدایە، هێشتا چەندین پۆستی حکومی لە حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن و ناکۆکییە حزبی و تایەفییەکان ڕێگر بووە لەوەی پڕبکرێنەوە.

هەفتەی ڕابردووش ژمارەیەک خۆپیشاندەری توڕە  چوونە سەر باڵیۆزخانەی بەحرەین لە بەغدا وەک ناڕەزاییەک لە بەڕێوەچوونی کۆنگرەی تایبەت بە "ڕێککەوتنی سەدە" کە لە مەناکەی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو، ئەو کارەش بووە هۆی نیگەرانی هێز و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان و حکومەتی مەنامەش باڵیۆزەکەی خۆی بۆ ڕاوێژ بانگهێشتکردەوە.

ع.م