سەردێڕ:

وردەکاری کۆبوونەوەی عەبدولمەهدی و شاندی ئەنجومەنی ئاسایش بڵاوکرایەوە

فۆتۆ: 
2019-06-29

2283 جار خوێندراوەتەوە

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی عادل عەبدولمەهدی و شاندەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، شاندەکە پشتیوانی لە هەنگاوەکانی چاکسازی لە سەرجەم بوارەکان و ئاوەدانکردنەوەی عێراق کردووە.

لە راگەیەندراوی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا هاتووە، "مەنسور عەتبی سەرۆکی شاندی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ عێراق ئاماژەی بەوەکرد دڵخۆشن بەوەی لە ئێستادا عێراق پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی بە شێوەیەکی باش بەرەوپێشبردووە و سەرکەوتنی بەسەر چەکدارانی داعشدا بەدەستهێناوە".

ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەنجومەنی ئاسایش پشتیوانی لە دوبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانبووەکان و هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی عێراق لە هەموو بوارەکاندا دەکات.

لە کۆبوونەوەکەشدا سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا کە کێشەکانی ناوخۆ قوڵن و قوربانیی و ئاستەنگییەکانیش گەورەن، بەڵام عێراق لە هەوڵەکانی بەردەوامە و لە ئێستادا پشتیوانییەکی نێودەوڵەتی گەورەی هەیە بۆ دوبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانپێگەشتووەکان.

روونیشکردووەتەوە، عێراق لە پەیوەندییەکانی دەرەوەیدا جەخت لە خاڵە هاوبەشەکان دەکاتەوە و پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکەی بەلاوە گرنگە بەجۆرێک دووربێت لە روودانی هەر جەنگێک، هەروەها جەختی لەسەر هەڵوێستەکانی پێشووتری عێراق لە بارەی کێشە هەرێمایەتی و جیهانییەکان کردووەتەوە.

بۆ یەکەمجار دوای ٣٠ ساڵ سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شاندێکی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان گەیشتنە بەغدا و دیداریان لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عیراق کرد، شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستانیش بە سەرۆکایەتی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ شاندەکەی ئەنجومەنی ئاسایش سەردانی بەغدایان کردووە.

هـ.ع