سەردێڕ:

وۆل ستریت جۆرناڵ: ھێرشی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە سەرچاوەکەی عێراق بووە

فۆتۆ: 
2019-06-29

1508 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەیەکی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ھێرشەکانی ئەم دواییە بۆسەر دامەزراوە نەوتییەکان لە سعودیە سەرچاوەکەی عێراق بووە نەک یەمەن

رۆژنامەی  وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە بەرپرسانی ئەمریکای گواستووەتەوە "ھێرشەکانی ئەم دواییە بۆسەر دامەزراوە نەوتییەکان لە سعودیە سەرچاوەکەی عێراق بووە نەک یەمەن".

رۆژنامەکە ماڵپەڕی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، بەرپرسانی ئەمریکی(بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوەکانیان بکات) گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەو ھێرشانە لەرێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە لە مانگی ئایاری رابردوو ئەنجامدران، سەرچاوەکەی عێراق بووە نەک یەمەن.

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی کردووە ھەنگاوی پێویست بگرنەبەر بۆ بەکارنەھێنانی وڵاتەکەی وەک بنکەیەکی سەربازی بۆ ئەنجامدانی ھێرش.

تاوەکو ئێستا بەرپرسانی عێراق ھیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی ئەو ھەواڵەوە نەداوە، بەڵام لە عێراقدا چەندین گروپی چەکداریی شیعە ھەن کە لەژێر ھەژموونی ئێراندان و ئێرانیش تۆمەتی ئەوەی دەخرێتە پاڵ کە پاڵپشتی حوسییەکان لە یەمەن دەکات.