سەردێڕ:

وردەکاری کۆنفرانسی نەوتی عێراق لە لەندەن

فۆتۆ: 
2019-06-29

1720 جار خوێندراوەتەوە

کۆنفرانسی نەوتی عێراق لە لەندەن کە رۆژانى پێنجەشەممە و هەینى بەڕێوەچوو، بووە دەرفەتێک بۆ بەرپرسان تا قسە لەسەر ئەم سەرچاوە گرنگەى داهات بکەن، تەوەری سەرەکی کۆنفراسەکە بریتیبوو لە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە کەرتی نەوت و گازی عێراق.

لە یەکەم رۆژی کۆنفرانسەکەدا سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، بەغدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێم لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێک سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت لە خاکی هەرێمەوە ڕێککەوتون و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولاش لە ئاستێکی باشدایە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە کاریگەری باش و گەورەی دەبێت لەسەر ئاستی بەرهەمی نەوتی عێراق و کار بۆ ئەوەدەکەن کە هەناردەکردنی نەوت بە بڕی ٢ ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا زیاتربکەن.

سەبارەت بە نەوتی هەرێمیش وەزیری نەوتی عێراق وتی، لە ئێستا هەرێم نزیکەی پێنج سەد هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە رۆژێکدا بەرهەمدەهێنێت و یەک دۆلاریشی نادات بە بەغدا بەڵام ئەگەر نەوتی هەرێمیش هەناردە بکرێت ئەوا هاوکار دەبێت لە بەرهەمهێنانی نەوت بەو ئاستەی کە لەلایەن ڕێکخراوی ئۆپیکەوە داوا لە عێراق کراوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، گەشبینی خۆی نیشاندا لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان بەغدا و هەرێم سەبارەت بە پرسی نەوت و باسی لەوە کرد، لە میانی کۆتا سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، گفتوگۆی ئەرێنی بەڕێوەچووە و هەردوولا ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت چارەسەرێک بۆ پرسی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بدۆزرێتەوە.

لە کۆتا سەردانی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغدا، نێچێرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، لەرووی مەبدەئییەوە هەرێم کێشەی نییە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەکە رادەستی بەغدا بکات، بەڵام ئەم بابەتە پێویستی بە گفتوگۆ هەیە لەبەر ئەوەی بابەتەکە یاساییە.

بەپێی یاسای بودجەی ئەمساڵ، دەبێت هەرێم ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بکات، بەڵام تا ئێستا یەک بەرمیل نەوتی هەرێم نەدراوە بە بەغدا بەم شێوەیەش، هەرێم تا ئێستا ٤٤ ملیۆن و ٧٥٠ هەزار بەرمیل نەوت قەرزداری بەغدایە و دیاریش نییە بەغدا لەو قەرزە خۆش دەبێت یان چۆن وەری دەگرێتەوە؟

لە کۆتا ڕۆژی کۆنفرانسەکەدا ، وەزیری نەوتی عێراق لە وتارێکیدا باسی لەوە کرد ،پلانیان داناوە چەند بۆرییەکی نوێ بۆ گواستنەوەی نەوت دابنێن کە بۆرییەکیان بۆ گواستنەوەی نەوتی کەرکوکە لە  بۆ سنوری عێراق-ئێران لە پێناو جێگرتنەوەی ئەو بۆرییە نەوتانەی بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە شکابوون.