سەردێڕ:

ئەو ئەپەی دەیتوانی ژنان بە رووتی پیشانبدات لە بازاڕەکاندا کێشرایەوە

فۆتۆ: 
2019-06-28

24375 جار خوێندراوەتەوە

دروستکەرەکانی ئەو ئەپەی کە دەتوانێت ئافرەتان بە بێ جلەکانیانەوە نیشان بدات بڕیاریاندا لە پەرەپێدانی ئەپەکەیان بوەستن و لە تۆڕی ئینتەرنێت بیسڕنەوە.

ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویکردووەتەوە، ئەپی"Deepnude" کە نرخەکەی ٥٠ دۆلارە، بە خێرایی سەرنجی جیهانی ڕاکێشا و بووە جێی ڕەخنەی چەندین بڵاوکراوەی میدیا جیهانییەکان، لە ئێستادا دروستکەرەکانی ئەپەکەیان لە تۆڕی ئینتەرنێت سڕیوەتەوە و ئاماژەیان بەوە کردووە کە دونیا ئامادە نییە بۆ ئەپێکی وەها.

یەکێک لە پرۆگرامەرەکانی ئەپەکە لە تویتێکدا ڕایگەیاند، "ئەگەری ئەوەی خەڵکی بۆ مەبەستی خراپ بەکاریبهێنێت زۆر زۆرە و ئێمەش نامانەوێت بەو شێوە پارە پەیدا بکەین".

لە بابەتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەر کەسێک کە ئەپەکەی کڕیبێت، پارەکەی دەدرێتەوە و جەختیان لەوەش کردەوە کە لە داهاتوودا هیچ نوێکردنەوەیک بۆ ئەپەکە بڵاوناکرێتەوە، هەروەها کەس مافی ئەوەی نابێت کە ئەپەکە بەکاربهێنێت.

خاوەنەکانی ئەپەکەش داوایان لە هەموو ئەو کەسانە کردووە کە ئەپەکەیان هەیە، بڵاوینەکەنەوە و کۆپییەکەی نەدەن بە هیچ کەسێکی تر، سەرەڕای ئەوەی ئەپەکە لە تۆڕی ئینتەرنێتدا نەماوە، بەڵام هەر کەسێک کە ئەپەکەی هەبێت دەتوانێت بەکاریبهێنێت.

ئەپەکە هاوکێشەی زانستیی و ئەی ئای کۆمپیتەری بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی جلوبەرگی ئافرەتان لە وێنەکاندا بسڕێتەوە و بە پێی شێوە و قەبارەی کەسەکە جەستەی بێ جلوبەرگ بۆ ئافرەتەکە دروستدەکات کە زۆر لە ڕاستی بچێت و بابەتەکەش شتێکی خەیاڵییە.