سەردێڕ:

​جەمال کەربولی: هێرشی سەر باڵیۆزخانەی بەحرەین دیپلۆماسیەتی بەغدای بەهەدەر دا

دیمەنی خۆپیشاندان و هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی بەحرەین لەبەغدا
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-06-28

1889 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی حزبێکی عێراقی ڕایگەیاند، هێرشەی دوێنێی سەر باڵیۆزخانەی بەحرەین لە بەغدا بووە هۆی لە دەستدانی چەندین ساڵی تێکۆشانی دیپلۆماسیەتی قورسی عێراق، هاوت وەزارەتی ناوخۆیی عێراق ڕایگەیاند ٥٤ کەسیان لەوانە دەستگیر کردووە کە چوونەتە سەر باڵیۆزخانەکە.

جەمال کەربولی سەرۆکی حزبی حەلی عێراق لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئەمڕۆ هەینی (٢٨ی حوزەیرانی ٢٠١٩) ڕایگەیاند "چەندین ساڵ لە تێکۆشانی دیپلۆماسیەتی قورس و تاقەتپڕوکێن بۆ ڕازیکردنی دۆستە عەرەبەکان، بەوەی بەغدا ماڵی ئارامی خۆیانە، بەڵام ئەو مامەڵە نەشیاوە هەمووی لە دەستدا و ئەو کارانەش ناڕژێنە بەرژەوەندیی عێراقەوە".

لە لایەکی ترەوە وەزارەتی ناوخۆیی عێراق ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، ئاسایشی باڵیۆزخانە و قونسوڵگەرییەکان هێڵی سورن و ڕێگە نادرێت بە بەزاندنیان، بەو هۆیەشەوە وەزیری ناوخۆ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێزەی کە ئاسایشی باڵیۆزخانەی بەحرەینی پێ سپێردراوە، چونکە کەمتەرخەم بووە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا.

هاوکات لە بەیاننامەکەی وەزارەتی ناوخۆیی عێراقدا ئاماژە بەوە کراوە، ٥٤ کەس لەوانە دەستگیر کراون کە دوێنی هەڵیانکوتاوەتە سەر باڵەخانەی باڵیۆزخانەی بەحرەین لە بەغدا.

ئەوەش لە کاتێکدایە سەر لە ئێوارەی دوێنێ ژمارەیەک خۆپیشاندەری توڕە لە ناوچەی مەنسور لە بەغدا، وەک ناڕەزاییەک لەسەر چالاکییەکیانی ڕێککەوتنی سەدە کە لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین کارەکانی بەڕێوەدەچێت، هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە و ئاڵای بەحرەینیان داگرت و ئاڵای فەلەستینیان لە جێگەی هەڵواسی.

ئەو کارەش سەرەڕای ئەوەی بە  فەرمی لە لایەن حکومەتی عێراقەوە سەرکۆنە کرا، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین باڵیۆزی خۆی لە بەغدا بانگهێشتکردەوە بۆ گفتوگۆکردن، دواتریش ڕایگەیاند، شانشینی بەحرەین ئیدانەی ئەو دەستدرێژییەی کرد، کە کرایە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا، کە بووە هۆی تێکدانی بەشێک لە کەلوپەلەکانی باڵیۆزخانەکە.

ع.م