سەردێڕ:

بەحرەین باڵیۆزى خۆی لە بەغدا بانگهێشتکردەوە

فۆتۆ: 
2019-06-28

2222 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆى هەڵکوتانەسەر باڵیۆزخانەى بەحرەین لە بەغدا لەلایەن چەند خۆپیشاندەرێکى عێراقییەوە، وڵاتەکە باڵیۆزى خۆى لە بەغدا بانگهێشتکردەوە.

وەزیرى دەرەوەى بەحرەین لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەى هەڵکوتانەسەر باڵیۆزخانەى وڵاتەکەى لە بەغدا کرد و بە هێرش بۆ سەر عێراق ناویبرد، باڵیۆزەکەشی بانگهێشتکردەوە.

هەر لەسەر رووداوەکە حکومەتى عێراقیش نیگەرانى خۆی نیشاندا و بە پێچەوانەى یاسا دیبلۆماسییەکان ناویبرد  و داوای لێبوردنیشی لە بەحرەین کرد.

هاوکات راشیگەیاند، لێپرسینەوە لە هەموو ئەو کەسانە دەکەن کە هەڵیانکوتاوەتە سەر باڵیۆزخانەکە.

لەلایەکى دیکەوە وەزارەتى ناوخۆى عێراق لەسەر رووداوەکە ٥٤ کەسی دەستگیرکرد .

ئەوەش لەکاتێکدایە شەوى رابردوو لە بەغدا چەند هاوڵاتییەک خۆپیشاندانیان لەبەردەم باڵیۆزخانەى بەحرەین کرد و دواتریش هەڵیانکوتایەسەر باڵیۆزخانەکە و بۆ ماوەیەک ئاڵاى ئەو وڵاتەیان داگرت و ئاڵاى فەڵەستینیان بەرزکردەوە.

خۆپیشاندەران ناڕەزایەتییان دەربڕى دژى بەستنى کۆنگرەى مەنامە کە لە مەنامەى پایتەختى بەحرەین لەسەر پرسی فەلەستین لەژێر ناوی ئاشتی لەپێناو گەشەسەندندا بەڕێوەچوو.

ئ.ر