سەردێڕ:

تورکیا.. هۆکارەکانی پشت شکستی ئەردۆغان و ئاکەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا

بۆ یەکەمجار ئاکەپە ئەستەنبوڵی دۆڕاند
فۆتۆ: 
2019-06-28

5233 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی چەند ساڵێکە پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوای تورکیا لەڕووی پێگەی جەماوەرییەوە بەرەو پاشەکشە هەنگاوی ناوە كه‌ دیار ترینیان خۆی له‌ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانی ئیسته‌نبوڵدا ده‌بینێته‌وه‌.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین ڕووداو و هۆکار هەن، کە بوونەتە سەرەتای دەرکەوتنی ئاماژەکان بۆ دەرکەوتنی لایەنی شکست بۆ ئەردۆغان و ئاکەپە، کە تەواوی رووداوەکان، ڕۆڵیان لە لاوازبوونی ئەردۆغان و پێگەی جەماوەریی حزبەکەیدا هەبووە، بە جۆرێک، ئەگەر هەیە لە داهاتوودا بە یەکجاری ڕۆڵی خۆی و حزبەکەی لە کایەی حکومڕانیدا بەرەو کۆتایی هەنگاوبنێت، ئەنجامەکانی شارەوانیی تورکیاش زەنگی مەترسیی یەکلاکەرەوەی بۆ ئەردۆغان لێدا.

لە سەرەتای ٢٠٠١ەوە پارتی داد و گەشەپێدان دامەزرا و دواتر بووە فەرمانڕەوای تورکیا، ماوەی چەند ساڵێکیش لە گەشەسەندندابوو، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە وردە وردە ئەو حزبە لەڕووی پێگەی جەماوەرییەوە بەرەو پاشەکشە هەنگاوی ناوە، ئەنجامەکانی دوایین هەڵبژاردنی شارەوانیی تورکیا و لەدەستدانی چەندین شاری گەورە، نمونەی گەورەی بەرەو شکستچوونی حزبەکەی ئەردۆغانن.

بەشێک لە هۆکارەکانی بەرەو شکستچوونی ئەردۆغانیش ئەمانەن:

پەکخستنی پرسی ئاشتی لەگەڵ کورد، کە لە نەورۆزی ٢٠١٣وە دەستیپێکرد و دواتر پەکخرا، ئەوەش هێندەی دیکە کورد و ئاکەپەی لێکدوورخستەوە، بەو هۆیەشەوە کورد لە هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستەنبوڵدا دەنگی بە کاندیدی جەهەپە دا و شکستی بە ئاکەپە هێنا.

پشتگوێخستنی ئەو هاوڕێیانەی کە لە سەرەتای دروستکردنی حزبەکەیەوە لەگەڵ ئەردۆغاندا بوون، لەوانەش عەبدوڵا گویل، بوڵنت ئارینچ، عەبدوللـەتیف شنر، عەلی باباجان، ئەحمەد داودئۆغڵو و یاشار یاكیش.

ئەم کەسانە هەرچەندە پایە و کۆڵەکەی سەرکەوتنەکانی ئاکەپە بوون، بەڵام دوای چەند ساڵێک ئەردۆغان بەرەو دەسەڵات ڕۆیشت و، یەك بە یەك ئەو هاوڕێیانەی لە بازنەی دەسەڵات دوورخستەوە، لەکاتێکدا ئەم گروپە چەند كەسییە ڕۆڵێكی گەورەیان لە سەرخستنی سیاسەتەكانی حزبی داد و گەشەپێداندا لە دەیەی یەكەمی دەسەڵاتداریدا بینی، بەهۆی ئەوەشەوە دەنگۆی ئەوە هەیە ئەو کەسانە لە داهاتوودا حزبێکی نوێ دروستبکەن.

چاودێران دەڵێن، حەزی تاکڕەوی و پاوانخوازی لە بڕیارداندا لای ئەردۆغان هۆکارێکی دیکەی شکستەکانی ئەردۆغانە، چونکە ساڵی ڕابردوو سیستمی سیاسیی لە وڵاتدا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی گۆڕی و، زۆرینەی جومگەکانی هێزی خستە ژێر ڕکێفی خۆیەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە هەرچەندە لە ساڵانی ڕابردوودا فەتحوڵا گولەن سەرۆكی بزوتنەوەی خزمەت هاوڕێیەکی نزیکی ئەردۆغان بوو، دژایەتیکردنی توندی گولەنییەکانی کرد، بەڵام دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانیان بە تۆمەتباری سەرەکیی کودەتا شکستخواردووەکەی تەموزی ٢٠١٦ دانرا، بەو هۆیەشەوە بە هەزاران کەس لە ئەندام و لایەنگرانیان دەستگیرکران و دوورخرانەوە، ئەوەش وایکرد ئەو حزبەش پشت لە ئەردۆغان و حزبەکەی بکەن.

شرۆڤەکارانی دۆخی تورکیا باس لەوە دەکەن، هۆکارێکی دیکەی شکستەکانی ئاکەپە بەهۆی سیاسەتەکانی ئەردۆغان و دەستگیرکردنی ئیندرۆ برانسۆنی قەشەی ئەمریکییەوە بوو، کە بەهۆیەوە ئەمریکا سزای ئابووریی توندی بەسەر تورکیادا سەپاند، ئەوەش بووە هۆی دابەزینی بەهای دراوی لیرەی تورکی و زیانی زۆری بە ئابووریی ئەو وڵاتە و دانیشتووانەکەی گەیاند.

لە بەرامبەر ئەوانەشدا لایەنگرانی ئەردۆغان جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەردۆغان لە ڕابردوودا چەندین سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە، ئەوەش دەخەنەڕوو، هاوشێوەی ڕابردوو ئەردۆغان بەسەر ئەو کێشانەدا زاڵدەبێت کە رووی لە حزبەکەی کردووە.

دوای هەڵبژاردنەکەی ٢٣ی حوزەیرانی شارەوانیی ئیستەنبوڵیش رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمیانی كۆبوونه‌وه‌ی فراكسیۆنی پارته‌كه‌ی له ‌په‌رله‌مانی توركیا، باسی‌ له ‌هه‌ڵبژاردنەکە ‌كرد و وتی، دیدی سیاسیی ئەوان تۆمه‌تباركردنی‌ گەلی تێدا نییە و، ئەو توانایەیان هەیە كە لێپێچینەوە لە خۆیان بكەن ‌و هەڵەكانیان راستبكەنەوە.