سەردێڕ:

بژاردەکانی ئێران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فشارەکانی ئەمەریکا

فۆتۆ: 
2018-06-11

3853 جار خوێندراوەتەوە

فشارە بەردەوامەکانی ئەمەریکا بەرامبەر ئێران وایکردووە کە ئێران بکەوێتە ژێر چەند بژاردەیەکی دیاریکراوەوە، ھەر یەکێک لەو بژاردانە کاریگەری لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئێران دادەنێن، بەتایبەت دوای ڕاگەیاندراوەکەی وەزیری بەرگریی ئەمەریکا، مایک پۆمپیۆ، لە ڕۆژی ٢١ی ئایاری ٢٠١٨، کە ستراتیژی نوێی وڵاتەکەی بەرامبەر ئێران تیادا باس کرابوو، لەناو ڕاگەیەندراوەکەدا ١٢ مەرج بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ ئێران داندرابوو.

سەرەڕای ھەڕەشە بەردەوامەکان و ھەندێکجاریش دژیەکیی ژمارەیەک لە بەرپرسەکانی ئێران، بەڵام تاران تاوەکو ئێستا لەسەرخۆیی ھەڵبژاردووە بۆ بڕیاری کۆتایی دەربارەی چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ سیاسەتی نوێی ئەمەریکا و جەختکردنەوە لە بەدەستھێنانی کاتی زیاتر بەتایبەت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا و ھەریەکە لە ڕووسیا و چین، لەو ڕێگەیەوە دەیەوێت پاڵپشتییەکی نێودەوڵەتی بەدەستبھێنێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارانەی ئەمەریکا و فراوانکردنی ئازادیی جوڵە و ئەو بژاردانەی کە لەبەردەمیدان.

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە ١٣ بۆ ١٥ی ئایار ژمارەیەک سەردانی باشی بۆ ھەریەکە لە بەیجین و مۆسکۆ و بڕۆکسل کردووە، بەدواشیاندا کۆبوونەوەیەکی تری لەگەڵ لیژنەی ھاوبەش بۆ ڕێککەوتن لە ڤییەننا لە ٢٥ی ئایار ئەنجام دەدات، ئەویش بۆ تاوتوێکردنی ئەو پێشنیاز و بیرۆکانەی وڵاتانی ئەورووپا دەیدەن بە ئێران بۆ بەھێزکردنی ھەلی بەردەوامیی کارکردن بە ڕێککەوتنەکە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئێران پێش کاتی ئەو کۆبوونەوەیە، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسۆی فشارەکانی وڵاتانی ئەورووپا لەسەری، عەلی خامنەیی پێشوەختە لەگەڵ سێ سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی کۆبووەوە و پێنج خاڵی بۆ ڕوونکردنەوە سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا لە ڕۆژی ٢٣ی ئایاردا.

سزای نوێ:

ئەو سیاسەتانەی کە ئێران پەیڕەویان دەکات لەوانەیە ھیچ بەرھەمیان نەبێت، لەبەر ئەم ھۆکارانەی خوارەوە:

یەکەم، ڕێڕەوێکی ناتەندرووست: ئێران چ لە ڕووی نێودەوڵەتی و چ لە ڕووی ھەرێمییەوە دووچاری ڕێڕەوێکی ناتەندرووست بووەتەوە بەھۆی ئەو ڕۆڵانەی کە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەیانگێڕێت، ئەوەش بووەتە ھۆی زیادبوونی فشارەکانی ئەمەریکا لەسەری و زیادبوونی ھەلی کەنارخستنی لەلایەن وڵاتە جیھانی و ھەرێمییەکانەوە، ئەوەش پێچەوانەی پێشووتریەتی.

لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتانی ئەورووپا پشتگیری لە بەردەوامبوونی کارکردن بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکەن، تاڕادەیەک، کە لەوانەیە ببێتە ھۆی گرژیی پەیوەندیی نێوانیان لەگەڵ ئەمەریکا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەورووپا کۆمەڵێک [خۆپارێزی] تەحەفوزاتی ھەیە بەرامبەر ئەو ڕۆڵ و کارانەی کە ئێران ھەیەتی لە ناوچەکەدا، بەتایبەت لە سووریا و یەمەن و لوبنان، بەشێوەیەک کە ھاندەرە بۆ فراوانبوونی ڕەزامەندی و ھاوشانی لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە سەبارەت بەو کەیسانە، بەتایبەت.

ئەوەش کاریگەری ھەبوو لەسەر ئەوەی کە ژمارەیەک بەرپرسی ئەورووپی داوا  لە ئێران بکەن تاکو دەستوەردانە ھەرێمییەکانی لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست کەمبکاتەوە و چالاکییەکانی پەیوەست بە موشەکە بالیستییەکانی بوەستێنێت. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان ھەندێک بەرپرسی ئەورووپی چەند پێشنیازێکی نوێیان ئاڕاستەی ئێران کردووە کە بریتی بوون لە پاڵپشتیی دارایی بەرامبەر وازھێنانی دەستوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکە، ھاوشێوەی ئەوەی بەرامبەر تورکیا کرا بۆ ڕێگریکردن لە ھاتنی پەنابەرانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەورووپا لە چەند ساڵی ڕابردوودا.

بەڵام ئاستەنگە ئێران بەلانی کەمەوە لەم قۆناغەدا دەستبەرداری ناوچەکە ببێت و بە پێشنیازەکان ڕازی بێت، چونکە ماوەی چەند ساڵێکە داھاتێکی زۆری لەو بوارەدا خەرجکردووە و لەگەڵ ئەوەشدا متمانەیەکی تەواوی بەو جۆرە دەستپێشخەرییانەی ئەورووپا  و ئاستی جێبەجێکردنیانی نییە، بەتایبەت لەژێر سێبەری ئەو فشارانەی کە ئیدارەی ئەمەریکا لەسەر ئەورووپا ھەیەتی تاکو سیاسەتیان بگۆڕێت بەرامبەر ئێران.

دووەم، گومانی بەردەوام: سەرەڕای ئەو پەیوەندییە بەھێزانەی کە ئێران لەگەڵ ھەریەک لە ڕووسیا و چین بنیاتی ناون، بەڵام ئاڕاستەی زۆر ھەن لەناو تاران بەشێوەیەکی گشتی پشت نابەستن بەو پەیوەندییانە، بەتایبەت لە قۆناغەکانی داھاتوودا، چونکە لەوانە نییە لە داھاتوودا ھیچ یەکێک لەو دوو وڵاتە بتوانن پشتگیریی نێودەوڵەتیی ئێران بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فشارەکانی ئەمەریکا.

ئەوەی سەرەوە لەلایەک و بەرژەوەندی مۆسکۆ و بەیجین و لێکدانەوەی تایبەت بە خۆیان لەلایەکی ترەوە، چونکە وا دەردەکەوێت ئەمەریکا لە گرنگیی گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ھەریەک لەو دوو وڵاتە تێگەیشتووە سەبارەت بە چۆنیەتیی ھەڵسوکەوت لەگەڵ تموحاتە نیوخۆیی و ھەرێمییەکانی، بەتایبەت دوای ئەوەی چەند ستراتیجێکی نوێی ڕاگەیاند.

ئەوەی جێی سەرنجە، تاران متمانەی بە پاڵپشتی ڕووسیا نییە، بەتایبەت لەم ماوەیەی دواییدا، دوای ئەوەی کە دووپاتی کردەوە کە "ھیچ کەسێک ناتوانێت ناچاری بکات لە سووریا بچێتە دەرەوە"، ئەوەش دوای لێدوانەکانی پوتین دێت لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ بەشار ئەسەد، لە سوچی لە ٢٠ی ئایاری ٢٠١٨، کە تیایدا پوتین "داوای چوونە دەرەوەی ھێزە دەرەکییەکانی کرد لە سووریا".

لەگەڵ ئەوەشدا میدیاکانی ئێران ویستیان وا نیشانی بدەن کە ڕووسیا مەبەستی لە ئێران نییە، بەڵام جەختی ڕووسیا لەم دواییەدا و وەڵامە توندەکانی ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ئێران ترسی زۆری لەو سیاسەتانە ھەیە کە ڕووسیا لە سوریا پەیڕەوییان دەکات و ئەو لێکتێگەیشتنانەشی کە لەگەڵ ھەریەکە لە ئەمەریکا و ئیسرائیل ھەیەتی، سەرەڕای ئەوەش ڕووسیا بەردەوام ھەوڵدەدات ئەوە دووپات بکاتەوە کە ھێزی سەرەکییە لە کۆنتڕۆڵکردنی ئاڕاستەی ململانێکانی ناو سووریا. 

سێیەم، فشاری ناوخۆیی: تاڕادەیەک ھاوسەنگییەک لەنێوان فشارە دەرەکییە ھەرێمی و نێودەوڵەتیییەکان لەگەڵ قەیرانە ناوخۆییەکانی ئێراندا ھەیە، ئەوەش بووەتە ھۆی سەرھەڵدانی خراپیی گوزەرانی ھاواڵاتیان و ناڕەزایی دژی سیاسەتی وڵاتەکە، کە دوایین ناڕەزایەتی لە شاری کازرونی پارێزگای فارس بوو، کە گرژییەکەی تاوەکو ٢٢ی مانگی ئایاری خایاند، ئەویش بەھۆی بڕیارێکی کارگێڕییەوە بوو کە پێشتر لەلایەن حکومەتەوە درابوو.

بەردەوامیی قەیرانە ناوخۆییەکان بەھۆی سیاسەتی ڕژێمی ئەو وڵاتەوە لە ھەردوو گۆڕەپانی ناوخۆیی و دەرەکی ھۆکارە بۆ کەمکردنەوەی بژاردەی ھەمەجۆری ئەو وڵاتە بەرامبەر ئەو فشارانەی کە سیاسەتی ئەمەریکا بەسەریدا سەپاندوونی، بەتایبەت لەژێر سایەی ئەو گرنگیپێدانە دیارەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە کەیسە ناوخۆییەکانی ئێرانەوە ھەیەتی، ئەوەش ڕەنگدانەوەی ھەبوو لە لێدوانی بەردەوامی ئەمەریکییەکان بۆ پشتیوانیکردن لە ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانی وڵاتەکە.

لێرەوە دەردەکەوێت کە ڕژێمی ئێران تێگەیشتووە کە ھەر بژاردەیەک لەگەڵ واشنتن کاردانەوەی ڕاستەوخۆی لە ناوخۆی وڵاتەکەدا دەبێت، بەتایبەت دوای ئەو ھەڕەشانەی کە پۆمپیۆ "قورسترین سزای مێژوویی" ئاڕاستەی ئێرانی کردبوون ئەگەر بێتو دووبارە چالاکی ئەو وڵاتە بۆ بەرنامە ناوەکییەکە و بەرزکردنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لە %٢٠ زیاتر بکات.

بە واتایەکی تر، گرەوکردن لەسەر دووچاربوون بە فەرامۆشکردنێکی نێودەوڵەتیی نوێ و چوونە ناو ڕوبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا لەوانەیە ببێتە ھۆی بەرزبوونەوەی ئاستی گرژی ناوخۆییش، بەوەش ئەو سزا نوێیانە لەوانەیە کاریگەرییان لەسەر ئابووریی ئێران ھەبێت و سنوورێکیش دابنرێت، لەوانەیە زۆر بەرز نەبێت بۆ وەبەرھێنانە بیانییەکان، بەڵام بەجۆرێک بێت کە کۆت بۆ تواناکانی حکومەت دابنێت بەرامبەر چۆنیەتیی ھەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ئەو قەیرانانەدا.

لەوەی سەرەوە دەردەکەوێت کە ئێران ھیچ بژاردەیەکی تری لەبەردەستدا نابێت جگە لە گرەوکردن لەسەر تواناکانی ئەورووپا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە ڕێگە بە بەردەوامیی کارکردن بە ڕێککەوتە ئەتۆمییەکە بدات، ھەروەھا بەردەوامیی بەدەستھێنانی داھاتە ئابوورییەکانیش بۆ ئێران.

بەڵام ئەو بژاردەیە لەوانە نییە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت، بەتایبەت لەژێر سایەی ئەو ڕێگرییە نوێیانەی کە دووچاری ئێران دەبنەوە، ئەوەش گرفتی سەرەکیی ئێرانە یان بە واتایەکی وردتر ئەمە ئەو ئارێشەیەیە کە ئێران دووچاری دەبێتەوە، چونکە ئەم شکستە مانای ئەوە دەگەیەنێت کە ئێران ھیچ بژاردەیەکی نییە جگە لە وەستانی کارکردن بە ڕێککەوتنەکە و دووبارە زیادکردنی پیتاندن و دەرھێنانی یۆرانیۆمە وێڕای ئەو لێکەوتانەی کە دەبنە ھۆی سزای قورس لەسەر ئێران، یان چۆکدادان بۆ فشارەکانی ئەمەریکا و ئەورووپا کە تەنھا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ناوەستێت بەڵکو کاردەکاتە سەر ڕۆڵی ھەرێمیایەتیی ئێران، ئەوەش باجی زۆری دەبێت بۆ وڵاتەکە چ لە ڕووی ناوخۆیی یان ھەرێمییەوە کە لەوانە نییە ڕژێمی وڵاتەکە بتوانێت ئەو باجانە بدات.

ناوەندی ئاییندە بۆ خوێندنەوە و توێژینەوەی باڵا
و: محەمەد حامید