سەردێڕ:

کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان دواخرا

فۆتۆ: 
2019-06-27

1380 جار خوێندراوەتەوە

کۆبوونەوەى جڤاتى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ یەکلاکردنەوەى ناوى کاندیدەکانى بۆ کابینەى نوێی حکومەت بۆکاتێکى نادیار دواخرا.

جەبارجەلال ئەندامى جڤاتى نیشتمانى بزووتنەوەى گۆڕان بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، بڕیار بوو، ئەمڕۆ کۆببنەوە و ناوى کاندیدەکانیان بۆ پۆستەکانی حکومەت دیاریبکەن، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکى نادیار دواخراوە.

لەبارەى هۆکارى دواخستنى کۆبوونەوەکەش ئەو ئەندامەى جفاتى نیشتمانى ئاماژەى بەوەکرد، کە هیچ وردەکارییەک نازانن، تەنها ئەوەنەبێت ئاگادارکراونەتەوە کە ئەمڕۆ کۆبوونەوەکە ناکرێت.

پێشتر دانا عەبدولکەریم بەرپرسی ژورى حکومەت و پەرلەمان لە بزوتنەوەى گۆڕان ڕایگەیاند، تاکۆتایی ئەم هەفتەیە کاندیدەکان بۆ کابینەى نوێی حکومەت یەکلاییدەکەنەوە.

بەپێى رێککەوتنى لەگەڵ پارتى، بزوتنەوەى گۆڕان بەشدارى کابینەى نوێى حکومەت دەکات، جگە لە جێگرى سەرۆکى هەرێم، یاریدەدەرى سەرۆکى حکومەت، چوار وەزارەت و چەند پۆستێکی دیکەی باڵا لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێم وەردەگرن.

هـ.ع