سەردێڕ:

ژاپۆن.. سبەینێ کۆبوونەوەى لوتکەى وڵاتانى جى ٢٠ دەستپێدەکات

ئاڵای وڵاتانی ئەندا لە گروپی جی ٢٠
فۆتۆ: 
2019-06-27

684 جار خوێندراوەتەوە

سبەینێ کارەکانى ١٤یەمین کۆبوونەوەى لوتکەى وڵاتانى جى ٢٠ لە شارى ئۆساکاى ژاپۆن بەبەشدارى سەرکردەى ئەو وڵاتانەی ئابورییەکی بەهێزیان هەیە دەستپێدەکات و دوو ڕۆژ بەردەوامبێت.

بڕیارە لوتکەکە بە بەشدارى سەرۆکى هەر ٢٠ وڵاتەکە بەڕێوەبچێت، جگە لەوەى سەرکردەى چەندین وڵاتى دیکەى میوان و ڕێکخراوە مەدەنى و ئابوورییەکان لەسەر ئاستى هەرێمایەتى و نێودەوڵەتى بانگهێشتى کۆبونەوەکەکراون.

کارنامەى دانیشتنى لوتکەکە چەندین بابەتى دارایی و ئابورى و کۆمەڵایەتى لەخۆدەگرێت، لەو چوارچێوەیەشدا بابەتەکانى وزە، ژینگە، کەشوهەوا، ئابورى، ئەلیکترۆنى، بازرگانى، چاودێرى تەندروستى، فێرکردن و هەلیکار گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.

یەکەمجارە ژاپۆن کۆبوونەوەى لوتکەکە لەخۆدەگرێت، هەروەها کۆبوونەوەى لوتکەى پێشوو لە کۆتاییەکانى ساڵى ڕابردوو لە شارى بۆنس ئایرسى ئەرجەنتین بەرێوەچوو.

وڵاتانی ئەندام لە گروپی جی ٢٠ بریتین لە ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەڕازیل، کەنەدا، چین، هیندستان، ئەندەنوسیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، کۆریای باشوور، مەکسیک، ڕوسیا، سعودیە، تورکیا، ئەفەریقای باشوور، ئوستورالیا، ئەرجەنتین و هەروەها یەکێتی ئەوروپا.

گروپی جی ٢٠ ساڵی ١٩٩٩ پێکهێنرا بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی لە ساڵانی نەوەدەکان ڕووبەڕووی جیهان بووەوە، کە سەرەتا لەسەر ئاستی وەزیرانی دارایی بەڕێوەدەچوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە و دوای ئەوەی قەیرانێکی تری سەختی دارایی بەرۆکی جیهانی گرت، کۆبوونەوەکانی لەسەر ئاستی سەرکردەی وڵاتان بەڕێوەدەچێت.

لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتیشدا بابەتەکانی کۆبوونەوەکانی لوتکەى جی ٢٠ لە دۆسێی ئابوری تێپەڕی کرد و لە ئێستادا دۆسیەکانی گەشەپێدان و گۆڕانکاریی کەشوهەواو و بنبڕکردنی تیرۆریش تیایدا تاووتوێ دەکرێن.

ئەوە لەکاتێکدایە، گروپی جی ٢٠ خاوەنی ٨٥%ی كۆی بەرهەمی ناوخۆی جیهان و دوو لەسەر سێی دانیشتووان و ٧٥%ی بازرگانی نێودەوڵەتی و ٨٠%ی وەبەرهێنانی جیهانن.

هـ.ع