سەردێڕ:

بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بووەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی ملیۆنان مرۆڤ

فۆتۆ: 
2019-06-27

1174 جار خوێندراوەتەوە

مادەی هۆشبەر یاخود تیرۆری سپی، کە هێدی هێدی ژیانی مرۆڤ وێران دەکات و سەرئەنجام بە هێواشیی بەکارهێنەرەکە دەکوژێت، یەکێکە لە هەڕەشەکانی سەر ژیانی تاک و کۆمەڵگە لە جیهاندا، هەربۆیە ڕۆژێکی جیهانیی دیاریکراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەر.

 لە ساڵی ١٩٨٧ ەوە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ٢٦ی حوزەیرانی هەموو ساڵێکی دیاریکردوە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی مادەی هۆشبەر.

 ئامانجی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دیاریکردنی ئەم ڕۆژە، بۆ ئەوەیە کە دەوڵەتانی جیهان پێکەوە ڕوبەڕوی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر ببەنەوە و جیهانێکی ئازاد لە مادەی هۆشبەر دروست بکەن، بەڵام ئامارەکان ئاماژەبەوەدەکەن ، کە ئەو ئامانجە بەدینەهاتووە.

 بۆ نمونە، بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەوە وۆڵد دەیتا، لە ساڵی ٢٠١٦ لە جیهاندا ١٦٤ ملیۆن بەکارهێنەری مادی هۆشبەر هەبوون، بەڵام ئەو ڕێژەیە ساڵی ٢٠١٧ گەیشتوەتە ١٧١ ملیۆن کەس و ساڵی ٢٠١٨ش ٢٠٠ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە.

 بە پێی نوێترین ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، ڕێژەکە لە ئێستادا گەیشتوەتە نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن کەس.

لە ساڵی ١٩٩٠ زیاتر لە ٧٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە بەهۆی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەرەوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧ ئەو ڕێژەیە گەیشتوەتە زیاتر لە ١٦٦ هەزار و لە ئێستاشدا ساڵانە نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەس بەو هۆیەوە دەمرن.

 مادەی هۆشبەر یان بکوژی مێشک، چەندین جۆری هەیە، لەوانە هیرۆین و ئەفیون و کۆکاین و ماریجوانا و حەشیش و چەندین جۆری دیکە، کە سەرەتا کاریگەری لەسەر مێشکی بەکارهێنەر دروست دەکەن و هۆش و بیری دەشێوێنن و بەو شێوەیە ژیانی وێران دەکەن.