سەردێڕ:

وێنەیەک میدیاکانی جیهانی هەژاندووە

سنورى ئەمریکا و مەکسیک
فۆتۆ: 
2019-06-26

41952 جار خوێندراوەتەوە

وێنەى تەرمى باوک و کچێک لە سنورى نێوان ئەمریکا و مەکسیک دەنگدانەوەى لە میدیا جیهانییەکان لێکەوتەوە.

 ماڵپەڕی سی ئێن ئێن بڵاویکردووەتەوە، وێنەیەک پشتڕاستی ئەو قەیرانە دەکاتەوە کە لەسەر سنووری ئەمریکا و مەکسیک هەیە، ئەویش وێنەی باوکێک و کچێکی دوو ساڵانیەتی، دوای ئەوەی لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوەیان بۆ ئەمریکا خنکاون، تەرمەکەیان لە کەناراوێکدا دۆزراوەتەوە.

بەگوێرەی زانیاریی میدیا جیهانییەکان، ئەو پیاوە تەمەنی ٢٥ ساڵ بووە و ناوی ئۆسکار ئەلبێرتۆ مارتینێز ڕامیڕێز بووە و کچەکەیشی کە تەمەنی نزیکی دوو ساڵ بووە ناوی ڤالێریا بووە. سی ئێن ئێن باسی لەوە کردووە، ئەو وێنەیە لەلایەن ڕۆژنامەنووسی وێنەگر، جولیا لو دوک-ەوە بڵاوکراوەتەوە، کە لە وڵاتی مەکسیک دەژی.

وەک لە وێنەکەدا دیارە، باوکی کچەکەى لەناو جلوبەرگەکەیدا هەڵگرتووە، دەستی راستى کچە دوو ساڵانەکەش لە ملی باوکیدایە.

ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس لەبارەی ڕووداوەکەوە لە زاری تینا ڤانیسا ئاڤالۆس هاوسەری ئەو پیاوەی کە خنکاوە ئەوەی خستووەتەڕوو، ماوەی دوو مانگ بە جۆرێکی ڤیزا لە مەکسیک بوون.

دایکی ئەو پیاوە خنکاوەش وتوویەتی، "لێیان پاڕامەوە کە نەڕۆن، بەڵام ئەو ویستی پارە کۆکاتەوە بۆ بونیادنانی خانوویەک."

میدیاکان ئەو دیمەنەیان چواندووە بە دیمەنی ئالان کوردیی سێ ساڵان، کە لە ساڵی ٢٠١٥دا لە کەناراوێکی تورکیادا تەرمەکەی دۆزرایەوە و دەنگدانەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی بی بی سی، ئەو خانەوادە خەڵکی ئێل سێلڤادۆر بوون و ویستوویانە بە شێوەی قاچاخ خۆیان بگەیەننە ئەمریکا.

 ئەلێکساندرا هیڵ وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێل سێلڤادۆریش داوای لە هاوڵاتییانی وڵاتەکەی کردووە کە چیتر ژیانی خۆیان نەخەنە مەترسییەوە بۆئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی کۆچ بکەن.

لەلایەکی ترەوە ئەندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر سەرۆکی مەکسیک هۆشداریی داوە و مەرگی ئەو باوک و کچەی بە "زۆر جێگای داخ" ناوبردووە.

ڕەخنەگرانی دۆناڵد ترەمپیش هەڵوێستی توندیان هەبووە دژ بە سیاسەتەکانی ترەمپ لەبارەی کۆچەوە و دەڵێن، سیاسەتەکانی ترەمپ وا لە کۆچبەران دەکات کە ڕێگای زۆر ترسناکتر بگرنەبەر.

ئەوەش لەکاتێکدایە مانگی شوباتی ئەمساڵ ترەمپ لەبارەی دۆخی سنووری باشووری ئەمریکاوە حاڵەتی لەناکاوی ڕاگەیاند.

لە ساڵی ٢٠١٨دا لە سنووری نێوان ئەمریکا و مەکسیک لانیکەم ٢٨٣ کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە، بەڵام چالاکانی مافەکانی مرۆڤ باس لەوە دەکەن کە ژمارەکە لەوە زیاترە.

Mexican authorities walk along the Rio Grande bank where the bodies of the father and child were found.

‌بەپەلە