سەردێڕ:

قائیمقامى سلێمانى: لە هەوڵداین ئاردى بۆر لەبری ئاردى سپی بۆ نان بەکاربهێنرێت

فۆتۆ: 
2019-06-26

2451 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامى سلێمانى رایگەیاند، لە هەوڵی ئەوەدان لەبری ئاردی سپی، ئاردی بۆر بۆ دروستكردنی نان بەكاربهێندرێت.

ئەمڕۆ ئاوات محەمەد قائیمقامى سلێمانى لەگەڵ نوێنەرى ناونەواخانە و سەمونخانەکانى شارەکەدا کۆبووەوە و پێشنیاری بەكارهێنانی ئاردی بۆر لەبری ئاردی سپی و قەدەغەكردنی سۆدە لە دروستكردنی ناندا تاوتوێكرا.

ئاوات محەمەد رایگەیاندووە، ئەوەی بەدی دەكرێت لە شاری سلێمانی خواست لەسەر "نانی سپی" زیاترە وەك لە "نانی بۆر"، بەڵام لەرووی تەندروستیەوە دەركەوتووە كە نانی بۆر گونجاوترە بۆ خواردن و هیچ زیانێكی تەندروستی نیە.

قائیمقامییەتى سلێمانى ئاماژەى بەوەشکردووە، لە كۆبوونەوەكەدا پێشنیار كرا بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی عێراق، لەرێگەی ئاشەكانەوە گونجاوترین جۆری ئارد بەرهەم بهێندرێت و لە بازاڕەكاندا بەنرخێكی گونجاو بۆ نانەواخانە و سەمونخانەكان دابینبكرێت، تاكو نانێكی تەندروست بەنرخێكی گونجاو بگات بە دەستی هاوڵاتیان.

ئەو هەوڵە لە کاتێکدایە لە ئێستادا لە نانەواخانە و سەمونخانەکانى شارى سلێمانیدا ئاردى سپی بەکاردەهێنرێت و پسپۆڕانى بوارى تەندروستیش بەردەوام هۆشداریی لەوە دەدەن کە ئەو جۆرى ئاردە بەهۆی كەمی ریشاڵەوە زیانی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ دەبێت بە تایبەت بۆ توشبووانی شەكرە و ئەو كەسانەی كە نەخۆشی كۆڵۆنیان هەیە.

ئ.ر

‌بەپەلە