سەردێڕ:

سروە ونس: نوێنەرانی کورد داوادەکەن عێراق گەنمی زیاتر لە هەرێم بکڕێت

سروە ونس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ و ئەندامی لیژنەی هەرێمەکان و پارێزگاکان
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-06-26

1462 جار خوێندراوەتەوە

سروە ونس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ و ئەندامی لیژنەی هەرێمەکان و پارێزگاکان بە ئێن ئاڕ تیی راگەیاند، نوێنەرانی کورد داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە ئەو بڕە گەنمەی بۆ هەرێم دیاریکراوە لە جوتیاران وەربگیرێت، زیادبکرێت.

سروە ونس ڕوونیکردەوە، هۆشکاری پشت ئەو داوایەیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە،  هەرێم رێژەیەکی زۆر لەوە زیاتر گەنم بەرهەمدەهێنێت، کە ئێستا وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆی دیاریکردووە.

ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بڕەی ئێستا بۆ وەرگرتن لە جوتیارانی کورد دیاریکراوە، بە نزیکەیی بە ۳٤٠ هەزار تەن دەخەمڵێنرێت، لەکاتێکدا ساڵانی پێشوو ئەو بڕە نزیکەی یەک ملیۆن تۆن بووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، نوێنەرانی کورد داوایانکردووە بە زووترین کات شایستە داراییەکانی جوتیارانی کوردستان، کە پێکهاتووە لە پارەی گەنمی ساڵانی ۲٠۱٤ و ۲٠۱٥ و ۲٠۱٦ خەرج بکرێت.

ونس، راشیگەیاند وەک ئەندامی لیژنەی قەرەبووکردنەوەی جوتیارانی کوردستان کە بەهۆی لافاوەوە زیانیان پێ گەیشت، بەردەوامن لە بەدواداچوون و هەرکات کاری لیژنەکە گەشتە ئەنجام جوتیاران ئاگاداردەکەنەوە.

سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی ئەو جوتیارانەی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان کە دەغڵودانیان سوتاوە، سروە ونس رایگەیاند، لیژنەی دەرخستنی راستییەکان پێکهێنراوە بۆ زانینی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان و قەرەبووکردنەوەی جوتیاران.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەهۆی شەڕی داعش و کەمبوونەوەی داهاتی نەوت لە لایەک و بوونی ناکۆکی لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی عێراق، بەغدا شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە و، هێشتا پارەی سێ ساڵی ڕابردووی گەنمی جوتیاران لای حکومەتی عێراق ماوە و خەرجنەکراوە.

ع.م