سەردێڕ:

شەپۆلێکى گەرما ڕوو لە ئەوروپا دەکات لە میژوودا وێنەى نەبووە

لە فەڕەنسا ئاوپرژێن لە شوێنە گشتییەکان دانراوە بۆ فێکردنەوەی کەشوهەوا
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-06-26

21135 جار خوێندراوەتەوە

شەپۆلێکى گەرما ڕوو لە فەڕەنسا و چەند وڵاتێکى ئەوروپا دەکات و پلەکانى گەرماش بەرزترین پلە تۆماردەکەن کە لە میژوودا وێنەى نەبووە.

ڕۆژنامەى گاردیانى بەریتانى بڵاویکردەوە، بەرزترین پلەکانى گەرما لە کۆتایى مانگى تەموز و سەرەتاى مانگى ئابدا تۆمار دەکرێن، بەڵام ئەمساڵ جیاوازە و لە ڕۆژى هەینى  ٢٨ى حوزەیرانەوە پلەکانى گەرما بۆ بەرزترین ئاستى لە میژوودا بەرزدەبێتەوە، کە سەروو ٤٥ پلە دەبێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، پلەکانی گەرما لە هەریەکە لە وڵاتانى نەمسا و فەڕەنسا و بەلجیکا و چیک و دانیمارک و ئەڵمانیا و لۆکسەمبۆرگ و هۆڵەندا و سویسران بەرزبوونەوەی بەرچاو بە خۆیەوە دەبینێت.

شارەزایانى کەشناسى فەڕەنساش ڕوونیدەکەنەوە، وڵاتەکەیان لە هاوینى ئەمساڵدا ژمارەیەکى نوێى پێوانەیى لە بەرزیى پلەى گەرما تۆماردەکات، کە سەروو ٤٥ پلەى سەدییە و بەتایبەتى لە ناوچەکانى نیمس و کاربینتراسى باشورى فەڕەنسا.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، بەرزترین پلەکانى گەرما لە مانگى حوزەیراندا لە ساڵى ٢٠٠٣ تۆمارکراوە کە ٤١ پلە بووە، بەڵام بەرزترین پلەى گەرما لە مێژووى فەڕەنسا لە ١٢ى ئابى ساڵى ٢٠٠٣ تۆمارکرا کە ٤٤ پلە بووە، کە بەهۆیەوە لە تەواوى وڵاتانى ئەوروپا زیاتر لە ٧٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.

بەهۆى هاتنى ئەو شەپۆلە گەرمایەوە لە شەقامەکانى فەڕەنسا ئاوپرژێن دانراوە بۆ فێنککردنەوەى هاوڵاتییان و کەمکردنەوەى شەپۆلى گەرماکە و، هەروەها هۆشدارى دراوەتە هاوڵاتییان کە خۆیان بەدووربگرن لە تیشکى خۆر لە کاتەکانى ڕۆژدا.

زانایان ئاماژە بەوە دەکەن، بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما، بەتایبەتى لە مانگەکانى تەموز و ئابدا، مەترسیى هەیە بۆ سەر ژیانى هاوڵاتییان.

ب.ب