سەردێڕ:

دەزگاى لوتکە: ١٥٠ کۆچبەرى عێراقی کە زۆرینەیان کوردن له ‌گرتووخانه‌كانی توركیا زیندانیكراون

کەمپێک کە پەنابەرانی
فۆتۆ: 
2019-06-26

1003 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکى دەزگاى لوتکە ڕایگەیاند، ١٥٠ کۆچبەرى عێراقی له‌گرتوخانه‌كانی توركیا زیندانیكراون کە زۆرینەیان کوردن.

ئارى جەلال سەرۆکى دەزگاى لوتکە بۆ كاروباری ئاوارەو پەنابەران بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تى رایگەیاند، بڕیارە لە دوو ڕۆژى داهاتوودا لە ڕێگەى نوێنەرانى دەزگاى لوتکەوە کار بۆ گەڕانەوەى ئەو زیندانیکراوانە بکرێت کە بەسەر گرتووخانەکانى تورکیادا دابەشکراون.

ڕاشیگەیاند، کونسوڵخانەى عێراق لە ئەستەنبوڵ کەمتەرخەمە بەرامبەر بە ئازادکردنى ئەو کۆچبەرە عێراقییانە کە زۆرینەیان کوردن و خەڵکى شارەکانى هەولێر و سلێمانى و ڕانیەن.

ئارى جەلال وتیشی، زۆربەى کۆچبەرەکان بەهۆى ئەوەى پاسپۆرتەکانیان لەلایەن قاچاخچییەکانەوە لێ وەردەگیرێت، ناتوانن بگەڕێنەوە عێراق و هەرێمى کوردستان، بەڵام لەڕێگەى پاسپۆرتى کاتى کە دەتوانرێت یەک گەشتى پێبکرێت بگەڕێنرێنەوە شارەکانى خۆیان.

پێشتریش نەوار لەتیف بەرپرسی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن لە فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، لە ماوەی چوار ساڵى ڕابردوودا ٢٧٤ کۆچبەر کە هەوڵیانداوە بە شێوەی نایاسایی بچنە وڵاتانی ڕۆژئاوا، گیانیان لە دەستداوە لەو ژمارەیەش ١٤٤ کەسیان بێسەروشوێنن.

هـ.ع

‌بەپەلە