سەردێڕ:

سەرچاوەیەک: پارتی لە سەرۆکایەتی هەرێم دوو بەڕێوەبەری گشتی یەکێتی خانەنشین کردووە

فۆتۆ: 
2019-06-26

6202 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، پارتی دوو بەڕێوبەری گشتی لە پشکی خۆی دامەزراندووە و دوو بەڕێوبەری گشتییش کە لە پشکی یەکێتی بوون لە سەرۆکایەتی هەرێم خانەنشینکردووە.

سەرچاوەکە کە نەیوست ناوی بڵاوبکرێتەوە بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تى راگەیاند، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا پارتی پلە بەرزکردنەوەی بۆ چەند فەرمانبەرێکی خۆی لە سەرۆکایەتی هەرێم کردووە و فەرمانی گواستنەوەشی بۆ فەرمانبەرەکانی دیکەی پشکی یەکێتیش دەرکردووە.

هەر بەپێى زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، ئەنجومەنی وەزیرانی کاربەڕێکەری هەرێم لە ١٥ی ئەم مانگەدا فەرمانێکی دەرکردووە کە پلە بەرزکردنەوە و گۆڕان لە پلەی وەزیفی فەرمانبەراندا یاسایی نییە.

سەرچاوەکەی ئێن ئاڕ تی ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە هەیکەلییەتی سەرۆکایەتی هەرێم و لەیاساشدا پۆستێک نییە بە ناوی جێگری سەرۆکی دیوان بەوەکالەت، بەڵام جوان جەودەت کە بەڕێوەبەری گشتییە ئێستا ئەو پۆستەی هەیە.

لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا، بە فەرمانێکی نهێنی کە واژۆی نێچیرڤان ئەحمەد سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی کاربەڕێکەری لەسەربوو، بڕیاریدا سەرجەم فەرمانبەرانی پشکی یەکێتی لە سەرۆکایەتی هەرێم بگوازرێنەوە بۆ چەند فەرمانگەیەکی دیکە، هەرچەندە دوای چەند ڕۆژێک بە بڕیارێکی نێچیرڤان بارزانی بڕیاردرا بەهەڵوەشاندنەوەی بڕیاری گواستنەوەی فەرمانبەرەکانی یەکێتی، بەڵام تائێستاش نەتوانراوە بچنەوە سەر کارەکانیان.

هـ.ع