سەردێڕ:

پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی پێکهێنانی حکومەت و پارێزگاری کەرکوک کۆبوونەوە

گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت
فۆتۆ: 
2019-06-26

17577 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هەولێر، هێرش قادر

پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی پێکهێنانی حکومەت و پۆستی پارێزگاری کەرکوک کۆبوونەوە و تەبێژی یەکێتیش رایگەیاند، بۆ جێبەجێكردنی دواقۆناغی رێككەوتنەكە و پرسی كەركوك كۆبوونەوەكانیان بەردەوام دەبن.

لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەکێتی بە میدیاکانی حزبەکەی راگەیاندووە، " كۆبوونەوەو پەیوەندییەكانمان بەردەوام دەبێت بۆ جێبەجێكردنی دوا قۆناغی رێككەوتنەكەمان"

ئاماژەی بەوەشکرد، " كۆبوونەوەكان لەبارەی پێكهێنانی حكومەت و پرسی كەركوكەوە بەردەوام دەبێت".

هەروەها لوقمان وەردی، پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە چەند رۆژی رابردووشدا دوور لە چاوی میدیاکان، گفتوگۆکانی یەکێتی و پارتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان چەند کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچووە، ئەوەش بۆ ئەوە بووە زەمینەی رێککەوتن ئامادەبکرێت.

باسی لەوەشکرد، راستە یەکێتی لە کەرکوک هێزی سەرەکییە، بەڵام لەبەر ئەوەی بابەتی کەرکوک پرسێکی نیشتیمانییە بۆیە ئەوان پێیان باشە بەهاوبەشی هێزەکانی تر کاندیدی پارێزگار یەکلایبکەنەوە، بۆیەش ئەمڕۆ یەکێتی چەند ناوێکی نوێی بۆ کاندیدی پارێزگاری کەرکوک پێشکەشکردووە.

 ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕیارە پێش دەستپێکردنی پشووی هاوینەی پەرلەمانی کوردستان کە سەرەتای مانگی داهاتوو دەستپێدەکات، پێویستە مەسرور بارزانی کابینەی حکومەتەکەی پێشکەش بە پەرلەمان بکات بۆ پەسەندکردنی، بەڵام بەپێی زانیارییەکان یەکێتی رەتیکردووەتەوە ناوی کاندیدەکانی بۆ پۆستە وزارییەکان بداتە سەرۆکی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت تا ئەو کاتەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک لەسەر پشکی یەکێتی پەسەند نەکرێت.

هـ.ع