سەردێڕ:

ئەمریکا هێرشی ئەلکترۆنیی کردە سەر کەتیبەکانی حزبوڵا

فۆتۆ: 
2019-06-26

5399 جار خوێندراوەتەوە

سوپای ئەمریکا ئاشکرایکرد، هێرشی ئەلکترۆنیی کردووەتە سەر سیتمی پەیوەندی ئەلکترۆنییەکانی کەتیبەکانی حزبوڵا لە عێراق و سوریا و ناوخۆیی ئێران.

تۆڕی هەواڵیی سی ئێن ئێنی ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە (٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٩) لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگاداری ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، ئامانج لەو هێرشانە شکستپێهێنانی تواناکانی کەتیبەکانی حزبوڵایە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت.

جەختیشیانکردووەتەوە، هێرشە ئەلکترۆنییەکان تۆڕی پەیوەندی و زانیارییەکانی ئەو گروپەی تیا کراوەتە ئامانج، بەڵام هیچ ئاماژەیەک نەکراوە بە سەرکەوتن یان شکستهێنانی هێرشەکە.

تا ئێستا وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رەتیدەکاتەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو بابەتە بدات، بەڵام ولیام ئۆربن وتەبێژی پنتاگۆن وتی، "سەرکردایەتیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا رەتیدەکاتەوە هیچ زانیارییەک لەسەر هیچ هێرشێکی ئەلکترۆنی بدات."

ئاماژەی بەوەش کردووە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لیستێکی لە ئامانجەکان لەبەردەستدایە بۆئەوەی هێرشی ئەلکترۆنییان بکرێتە سەر، بەڵام بڕیاری کۆتایی دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆکی ئەمریکا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکەی ئەمریکاوە لەلایەن ئێرانەوە، ڕۆژی ٢٤ ئەم مانگەش واشنتۆن ڕایگەیاند، هێرشێکی ئەلکترۆنیی فراوانی کردووەتە سەر سیستمی موشەکی و پەیوەندییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بە مەبەستی لەکارخستنیان.

ئێرانیش لەسەر زاری محەمەد جەواد ئازەری وەزیری تەکنەلۆژیا و پەیوەندییەکانی ئێران لە تویتێکدا ڕایگەیاندبوو، ئەمریکییەکان بە هەموو هێزیانەوە هەوڵیانداوە هێرشی ئەلیکترۆنی بکەن و سیستمە کارپێکراوەکانی ئێران لەکاربخەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.

ع.م