سەردێڕ:

بەشێک لە وردەکاریی کابینەی نۆهەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان

فۆتۆ: 
2019-06-25

12383 جار خوێندراوەتەوە

پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى هەرێم نزیکبووەتەوە و پاش نزیکەى ٢٠ ساڵ سەرۆکى حکومەت گۆڕدرا، بەڵام بەپێى زانیارییەکان، چوار وەزیرى پارتى و یەکێتى لە پۆستەکانیاندا دەمێننەوە و جارێکى دیکە کاندیدى حزبەکانیانن بۆ وەزارەتەکان.

کابینەى نۆیەمى حکومەت کە رێککەوتنى کۆتایى لە نێوان لایەنە پێکهێنەرەکانیدا کراوە، بڕیارە لە ١٩ وەزارەت و ٣ دەستە و وەزیرێکى هەرێم پێکبێت، کە هەمان ئیمتیازى وەزیریان هەیە و بە سەرۆکایەتیى مەسرور بارزانی دەبێت.

بەپێى زانیارییەکانى ئێن ئاڕ تى، پارتى جیاواز لە حزبەکانى دیکە و بەدەر لە ململانێى حزبی و سیڤى، لە ڕێگەى بارزانییەوە ناوى هەر هەشت وەزیرەکەى بۆ کابینەى نوێ یەکلایی کردووەتەوە، جیاواز لە پێشبینییەکانیش، پارتى دوو وەزیرى کابینەى هەشتەم دەهێڵێتەوە لە کابینەى نوێدا لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی، کە ئەوانیش ئاشتى هەورامى وەزیرى سامانە سروشتییەکان و ڕێباز حەملانى وەزیرى دارایی و ئابوورییە، بەڵام هەوڵ هەیە بۆئەوەی ڕێباز حەملان بگۆڕدرێت بە کاندیدێکی دیکە.

هاوکات بەپێى زانیارییەکان یەکێتى پێنج کەسى وەکو کاندید بۆ شەش وەزارەتەکەى پشکى ئەو حزبە یەکلایی کردووەتەوە، کە هاوشێوەى پارتى یەکێتییش دوو وەزیرى کابینەى هەشتەم دەهێڵێتەوە لە کابینەى نوێدا، ئەوانیش بریتین لە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ کە لە کابینەى هەشتەمدا وەزیرى ئاوەدانکردنەوە بوو و لە کابینەى نوێدا کاندیدکراوە بۆ پۆستى وەزیری پلاندانان و، هاوکات یوسف گۆرانیش لە پۆستەکەى خۆیدا دەمێنێتەوە کە وەزیری خوێندنی باڵایە.

پێشتر ئەندامێکى سەرکردایەتیى یەکێتى بە ئێن ئاڕ تیى ڕاگەیاندبوو، کە زۆربەى ئەو کەسانەى کاندیدى یەکێتى دەبن بۆ پۆستە وەزارییەکانى کابینەى نوێ، ئەندامى مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیى ئەو حزبەن.

جیاواز لە پارتى و یەکێتى، لەناو بزوتنەوەى گۆڕاندا ٤٨ کەس کێبڕکێ دەکەن بۆ وەرگرتنى پۆستى چوار وەزارەت لە کابینەى نوێدا، کە پشکى بزوتنەوەکەیە و هیچ کەسێکیان وەزیرەکانى پێشووترى بزوتنەوەکە نیین، جگە لە مستەفاى سەید قادر کە پێشتر وەزیرى پێشمەرگە بوو، ئێستاش کاندیدە بۆ پۆستى جێگرى سەرۆکى هەرێم.

هەر بەپێى زانیارییەکان، ئەو لیستانەى کە لایەنەکان ئامادەیانکردووە بۆ پۆستە وەزارییەکانى کابینەى نوێى حکومەت، جیاواز لە کابینەکەى عادل عەبدولمەهدى کە لە ڕێگەى سیڤییەوە زۆرینەى پۆستەکان یەکلایی کرانەوە، هیچ پۆستێک لە ڕیگەى سیڤییەوە یەکلایی نەکراوەتەوە، هیچ کەسێکى تەکنۆکراتیش کاندیدنەکراوە بۆ پۆستە باڵاکان، بەڵکو لەناو پارتیدا بە بڕیارى تاکلایەنەى مەسعود بارزانى و لەناو یەکێتییشدا بەپێى بەرکەوتەى باڵەکان و لەناو بزوتنەوەى گۆڕانیشدا جڤاتى نیشتمانى لە ڕێگەى دەنگدانەوە، پۆستى وەزارەت و دەستەکان یەکلایی دەکاتەوە.

ع.م

 


‌بەپەلە