سەردێڕ:

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکوک: سبەی یەکێتی و پارتی لەسەر پرسی پارێزگاری کەرکوک کۆدەبنەوە

فۆتۆ: 
2019-06-25

3960 جار خوێندراوەتەوە

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکوک رایگەیاند، سبەینێ وەفدی پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و یەکلایکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک کۆدەبنەوە و " ئەگەری زۆرە بگەنە رێککەوتن و هەواڵی خۆش بدەنە خەڵک".

رەوەند مەلا مەحمود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکوک لە گەشتی پانۆڕامای ئەمشەوی ئێن ئاڕ تیدا ئاماژەی بەوەشکرد،" پێویستە هاوشێوەی وەزیری داد پارێزگاری کەرکوکیش لە نێوان یەکێتی و پارتیدا بە رێککەوتن یەکلابکرێتەوە".

ئەوەشی خستەڕوو، " وەک پارتی و یەکێتی فشاری خەڵک و عێراق و لایەنەکانمان لەسەرە بۆ رێککەوتن و بابەتی کاندیدیش بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک لەنێوان پارتی و یەکێتیدا زۆر کێشە نابێت".

باسی لەوەشکرد، " سێ رۆژە گۆڕانکاری لە سیاسەتی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک رویداوە".

ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕیارە پێش دەستپێکردنی پشووی هاوینەی پەرلەمانی کوردستان کە سەرەتای مانگی داهاتوو دەستپێدەکات، پێویستە مەسرور بارزانی کابینەی حکومەتەکەی پێشکەش بە پەرلەمان بکات بۆ پەسەندکردنی، بەڵام بەپێی زانیارییەکان یەکێتی رەتیکردووەتەوە ناوی کاندیدەکانی بۆ پۆستە وزارییەکان بداتە سەرۆکی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت تا ئەو کاتەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک لەسەر پشکی یەکێتی پەسەند نەکرێت.

هـ.ع