سەردێڕ:

بۆ فشاری زیاتر بۆ سەر ئێران ئەمریکا پەنا بۆ ناتۆ دەبات

مارک ئیسپەر ڕێکخەری کاروباری وەزارەتی بەرگر ی ئەمریکا لە برۆکسلە
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-06-25

2888 جار خوێندراوەتەوە

مارک ئیسپەر کە لە ئێستادا کاروباری وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایی دەکات، داوای لە ئەندامانی پەیمانی ناتۆ کرد، نیگەرانی و توڕەیی خۆیان نیشانبدەن سەبارەت بە چالاکییەکانی ئێران، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، واشنتۆن لە هەوڵی داخستنی دەرگای ململانێکەدایە لەگەڵ ئێراندا.

ئاژانسی هەواڵیی ڕۆیتەرز لە زاری ئیسپەرەوە بڵاویکردەوە، خوازیارە ئەندامانی ڕێکخراوی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" دوودڵی و توڕەیی خۆیان نیشانبدەن سەبارەت بە چالاکییەکانی ئێران.

ئاماژەی بەوەش کرد، "واشنتۆن لە هەوڵی داخستنی دەرگای ململانێکان و کردنەوەی دەرگای دیپلۆماسییەتە لەگەڵ تاراندا."

لە بەشێکی تری وتەکانیدا وەزیری بەرگریی ئەمریکا جەختیکردەوە، لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ برۆکسل سەبارەت بەوەی کە چی لە هاوپەیمانەکانی دەوێت، وتی، "دەمانەوێت پێکەوە نیگەران و توڕەیی دەرببڕین سەبارەت بە چالاکییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، ئەوەش یەکەم هەنگاوی سەرەتایی باش دەبێت."

ئەو وتانەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەکاتێکدایە، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە (٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٩) لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر ڕایگەیاند، ئەو بەیاننامەیەی ئەمڕۆ ئێران بڵاویکردووەتەوە زۆر نەزانانەیە و مایەی سوکایەتیکردنە، ئەوە دەردەخات کە ئەوان هیچ لە ڕاستی تێناگەن.

ترەمپ وتوویەتی، "هەر هێرشێک بکرێتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بە توندی و بە هێزێکی گەورەوە وەڵام دەدرێتەوە و، زۆرینەشی لە هەندێک ناوچە بە مانای سڕینەوەی دێت."

هاوکات، جۆن بۆڵتن ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە ئیسرائیلەوە ڕایگەیەند، وڵاتەکەی دەرگای گفتوگۆی بەڕووی ئێراندا دانەخستووە و ناشیانەوێت ڕژێمی ئێران بگۆڕن، تەنها دەیانەوێت ئێران دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ببێت.

جەختی لەوەش کردەوە، بەردەوام دەبن لە سەپاندنی سزاکان بەسەر ئێراندا تا ئەو کاتەی تاران ڕازیدەبێت بێتە سەر مێزی دانوستان.

ع.م

‌بەپەلە