سەردێڕ:

وردەکاریی دەرچوونی بڕیاری لەسێدارەدانى بکوژی دلینى ١٠ ساڵان

فۆتۆ: 
2019-06-25

10035 جار خوێندراوەتەوە

لە دادگای دهۆک، دانیشتنی دادگاییکردنی تۆمەتباری کوشتنی دلینی تەمەن ١٠ ساڵان بەڕێوەچوو، لە دانیشتنەکەدا وتەی دایک و باوکی دلین و پارێزەرەکانیان وەرگیرا و، دواتریش وتە لە شایەتحاڵ و تۆمەتبارەکە وەرگیرا و دوای دوو کاتژمێر لە گفتوگۆکانیش دادوەر پشوویەکی ١٠ خولەکی دیاریکرد و دواتر گەڕایەوە هۆڵی دادگا و بڕیاریدا بە لەسێدارەدانی تاوانباری دۆسیەکە.

محسین سەیدئاڤایی ئامۆزاى دلین باسی لەوە کرد، ئەو کەسەی لەسەر کوشتنی دلین دادگایی کرا، لەکاتی دادگاییکردنەکەیدا باسی لەوە کردووە، کە لەکاتی ڕووداوەکەدا ئاگای لە خۆی نەبووە و بەرگریی لە خۆشی کردووە، بەڵام دادوەر بەهۆی بوونی بەڵگەوە بڕیاری خۆی دەرکرد، دایک و باوکی دلینیش بەو بڕیارە دڵخۆشبوون.

هەروەها بەختیار عەبدوڵا پارێزەرى دلین ئاماژەی بەوە کرد، دادوەر لەکاتی دادگاییکردنەکەدا باسی لەوە کردووە، کە بکوژەکە پێشینەی تاوان و سزادانی هەبووە، پارێزەری دۆسیەکەش دەڵێت، بەپێی مادەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری لەسێدارەدانەکە دەرکراوە.

جگە لەو کەسەی سزادراوە، کەسێکی دیکەش کە برایەتی دادگایی دەکرێت، بەڵام دۆسیەکەی جیاکراوەتەوە و لە پرۆسەی کوشتنەکەدا ڕۆڵی نەبووە و تەنها بە تۆمەتی شاردنەوەی زانیاری کوشتنی منداڵەکە دادگایی دەکرێت.

دلین لە دووەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵدا ڕفێندرا و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بێسەروشوێن بوو، دواتریش لە تەنیشت یاریگای دهۆک تەرمەکەی لەلایەن پۆلیسەوە دۆزرایەوە و پۆلیس ئەو کاتە باسی ئەوەی کرد، کە تۆمەتبارەکە ویستوویەتی دەستدرێژیی سێکسی بکاتە سەر منداڵەکە، بەڵام منداڵەکە ڕێگریکردووە بۆیە منداڵەکەی بە دار کوشتووە.

هـ.ع





‌بەپەلە