سەردێڕ:

سلێمانی.. دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایش پەڕاوی دۆسیەی نەوەی نوێ نانێرێت بۆ دادگای تەمییز

فۆتۆ: 
2019-06-25

809 جار خوێندراوەتەوە

رۆژی ١١ی ئەم مانگە دادگای تاوانی سلێمانی نوسراوێکی بۆ دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی ناردووە، تاوەکو پەڕاوی تایبەت بە سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ شاسوار عەبدولواحیدیان ڕادەستبکەن بە مەبەستی وردبینیکردن تێیدا، بەڵام دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی دوای دوو ھەفتە لەو داوایەی دادگای تاوان، هیچ وەڵامێکی نابێت و پەڕاوەکە نانێرێت.

دواتر لە ١٨ی هەمان مانگ جارێکی دیکە بە نوسراوی ژمارە ٢٠٤ جەخت لە داواکەی پێشووی دەکاتەوە، بەڵام بە هەمان شێوە تا ئێستا دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی بێدەنگە و پەڕاوی دۆسیەکە نانێرێت بۆ دادگای تاوانەکان بە سیفەتی تەمیزی.

عوسمان سدیق پارێزەر باسی لەوە کرد، دەبوو ڕاستەوخۆ دوای ئەو داوایەی دادگای تاوانی سلێمانی، ئاسایش سەرجەم لێکۆڵینەوەکانی ڕابگرتایە و دۆسیەکەی بناردایە بۆ دادگای تێهەڵچوونەوە.

لەگەڵ ئەوەی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ چووە بەردەم دادگا و ١٥ ڕۆژ زیندانی کرا و هەندێک لە ئەندامانی دیکەی جوڵانەوەکەش زیاتر لە مانگێک لە ئاسایشی سلێمانیدا دەستبەسەربوون، بەڵام تا ئێستا و پاش ١٤ رۆژ لە داواکەی دادگای تاوانی سلێمانییش، هێشتا دەست لە ئیجرائات هەڵناگیرێت و داواکە نانێردرێت بۆ دادگایەکی باڵاتر لە دادگای لێکۆڵینەوە، کە بەپێی وتەی پارێزەرەکە، ئەوە دەرگا لەسەر کاری نایاسایی دەکاتەوە.

عوسمان سدیق وەک پارێزەر ئاماژە بەوە دەدات، کە هۆکاری نەناردنی دۆسیەکە لەلایەن ئاسایشەوە بۆ دادگای تاوانەکان بەلاڕێدابردنی دۆسیەکەیە تاوەکو بوار بۆ کاری نایاسایی بڕەخسێنێت.

ئێن ئاڕ تی بۆ وەرگرتنی قسەی بەرپرسانی ئاسایش چەند جارێک پەیوەندیی بە بەرپرسانی ئاسایشی سلێمانییەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکان بەردەست نەبوو.

هەروەها ئێن ئاڕ تی پەیوەندیی کرد بە وتەبێژی دادگای سلێمانییەوە، ئەویش ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک بدات.

شایەنی باسە تا ئێستا دادگای تاوانەکانی سلێمانی/دوو، چەند جارێک نوسراوی کردوە بۆ داگای لێکۆڵینەوەی ئاسایش و، هەروەها بەپێی بەڵگەنامەیەک کە وێنەیەکی لەبەردەست ئێن ئاڕ تیدایە، دادوەری ئاسایش نوسراوەکەی دادگای تاوانەکانی بینیوە و هامشی لەسەر نوسیوە، بەڵام هێشتا پەڕاوی دۆسیەکە نانێرێت بۆ دادگایەکی سەروو خۆی، کە ئەمەش یەکەمجارە لە مێژووی دادگادا روودەدات دادوەری لێکۆڵینەوە نواراوی دادگایەکی تەمیزی جێبەجێ نەکات و پەڕاویان بۆ نەنێرێت.

هـ.ع

‌بەپەلە