سەردێڕ:

سەرحەد قادر وردەکاریی تەقەکردن لە ماڵەکەی بۆ ئێن ئاڕ تی ئاشکراکرد

فۆتۆ: 
2019-06-25

26993 جار خوێندراوەتەوە

سەرحەد قادر بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزا و ناحییەکانی کەرکوک ڕایگەیاند، ئەو هیچ کەس و لایەنێک بە تەقەکردن لە باخەکەی تۆمەتبار ناکات و، ئاماژەی بەوەش کرد، دەستی لە پارتی نەکێشاوەتەوە.

سەرحەد قادر لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا ئەمڕۆ سیشەممە (٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٩) ڕایگەیاند، ئەو سکاڵای لەسەر هیچ کەس و لایەنێک تۆمارنەکردووە، بە تۆمەتی تەقەکردن لە باخەکەی لە ناوچەی تاسڵوجەی سلێمانی و گومانیشی لە هیچ کەس و لایەنێک نییە.

ئاماژەی بەوەش کرد، رووداوەکە بووە و نکۆڵی لێ ناکرێت، چونکە هەموو دراوسێ و ئەو کەسانەش لەو دەوروبەرە بوون گوێیان لە دەنگی تەقە بووە.

جەختیشی کردەوە، رووداوەکە ئیشی تاکە کەسێک نییە و ئەو وەک خۆی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد دەکات بۆ رووداوەکە و لە شوێنی تریشەوە لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکرێت و هەر کاتێک گەیشتنە ئەنجام ئاشکرایدەکەن.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا دەربارەی ئەوەی ئایا ئێستا ئیلتیزامی حزبیی ماوە لە پارتیدا، سەرحەد قادر وتی، "ئیستیقالەم لە پارتی نەکردووە، بەڵام هیچ ئیلتیزامێکی حزبیم نەماوە، من پێشتر لێپرسراوی ناوچەی هێزی ناوخۆ بووم لە کەرکوک و ئەندامی لقی سێی پارتی بووم."

لێپرسراوی پێشووی پۆلیسی قەزا و ناحییەکانی کەرکوک ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێکی زۆر لە هاوڵاتییان سەیری کەناڵی ئێن ئاڕ تی دەکەن و خەڵکی پارتییش بە وردی سەیری ئێن ئاڕ تی دەکەن.

دەربارەی داواکردنی پۆستیش لە پارتی، جەختیکردەوە، ئەو داوای هیچ پۆست و پلەیەکی نەکردووە لە پارتیدا، تەنها داواکارییەک کە لە پارتیی هەبووە لە ساڵی ٢٠١٣وە، ئەوە بووە کە وەک هەر کەسێکی تر خانەنشینی بکەن.

ع.م