سەردێڕ:

دانانی پارێزگاری کەرکوک بووەتە گرێکوێرەی نێوان پارتی و یەکێتی

فۆتۆ: 
2019-06-25

1966 جار خوێندراوەتەوە

دانانی پارێزگاری کەرکوک و ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەوبارەیەوە، بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، چونکە یەکێتی دەیەوێت لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتدا کێشەی پارێزگاری شارەکە یەکلایی بکاتەوە، بەڵام تا ئێستا پارتی بە فەرمی کاندیدەکانی یەکێتیی بۆ ئەو پۆستە پەسەند نەکردووە.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی پێکهێنانی حکومەتدا کە نزیکەی دوو هەفتە کاتی لەبەردەمدا ماوە، ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی گەشبینە بەوەی دۆخی کەرکوک ئاسایی بکرێتەوە و پارێزگار دابنرێت.

محەمەد خورشید بە ئاژانسی ئەنادۆڵی وتووە، بابەتی پارێزگار کۆتایی هاتووە، بەڵام لەم قۆناغەدا پێیانوایە کە دەبێت پارێزگار کوردێکی نیشتمانپەروەر بێت و قبوڵکراو بێت و نەتەوەکانی دیکەش بە دانانی رازیبن.

بەرپرسانی یەکێتی بە مەسرور بارزانییان وتووە، سیڤی کاندیدەکانیان پێشکەش ناکەن تا ئەو کاتەی پارتی پۆستی پارێزگاری کەرکوک یەکلایی دەکاتەوە، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی سێی هەولێری یەکێتییش دەڵێت، هەفتەی داهاتوو جارێکی تر مەسرور بارزانی سەردانی یەکێتی دەکاتەوە.

بەشێک لە بەرپرسانی یەکێتی دەنگدانی پەرلەمانتارانی پارتی لە بەغدا، بە کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی وەزیری داد بە هەنگاوێکی باش دەزانن بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانیان و، چاوەڕێی دوا وەڵامی پارتیشن لەبارەی پرسی پارێزگاری کەرکوکەوە.

لە ئێستادا هەنگاوەکانی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک لە نێوان هەرێم و ناوەند و بە سەرپەرشتیی یۆنامی، چووەتە قۆناغێکی نوێوە.

هاوکات، محەمەد حاجی مەحموود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بە دووری دەزانێت، جارێكیتر كه‌ركوك بگه‌ڕێته‌وه ‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و ژێرده‌ستی كورد و، پێیوایە ئەو پرسە کۆتاییهاتووە، باس لەوەش دەکات، کەرکوک لە دەستى کورد دا نییە و لە دەستى حکومەتى عێراقدایە.

ع.م


‌بەپەلە