سەردێڕ:

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ خەڵاتی زەینەب نیازی کرد

فۆتۆ: 
2019-06-25

25897 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "نابێت ڕێگە بدەین لەسەر جیاوازیی بیرکردنەوە و ئایین و جلوبەرگ و شێوازی پۆشین، هیچ مرۆڤێک ستەمی لێ بکرێت یان سزابدرێت."

کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە پەیجی فەرمیی خۆی لە فەیسبووک نوسیوویەتی،" لەگەڵ هاوڕێیانم کاک یەعقوب و کاک بێستون سەردانی ماڵی خاتوو (زەینەب نیازی)مان کرد لە شاری کەلار، بە مەبەستی پیرۆزبایی و دەستخۆشیکردن لەو خوێندکارە سەرکەوتووە و خانەوادەکەی."

باسی لەوەش کردووە، "وەکو هاندانێك لە بەرامبەر بەدەستهێنانی پلەی بەرز و رێزگرتن لە شەونخونی و ماندووبوونی ساڵێك و ئەو جیاکارییەی بەرامبەری ئەنجامدرا، دیارییەکی شیاومان پێشکەش کرد."

دوێنێ ٢٤ی حوزەیران لیژنەی ڕێکخستنى مەراسیمى ڕاگەیاندنى ئەنجامى ئەزموونە گشتییەکانى سەربە وەزارەتى پەروەردەى هەرێم لە روونکردنەوەیەکدا لەسەر ئەو بابەتە دەڵێت، "بردنە دواوەى قوتابییەکە هیچ پەیوەندى بە باڵاپۆشییەکەیەوە نەبووە، بەڵکو لە ڕێکخستنى یەکەم و دووەم و سێیەمەکانى ئاستى هەرێم و لە چوارچێوەى ڕیزبەندى، داوا لە سێیەمەکان کراوە بچنە پشتەوە و دووەمەکان لە ڕیزى دووەم و یەکەمەکانیش لە پێشەوە بوەستن، ئەم قوتابییەش ئاستى دووەمى بە دەستهێنابوو، بۆیە برایە ڕیزی دووەم."

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئێوارەی ٢٣ی حوزەیران شێوازی مامەڵەی کارمەندانی وەزارەتی پەروەردە لەکاتی مەراسیمی خەڵاتکردنی یەکەمەکاندا لەگەڵ کچە یەکەمێکى نیقابدا، کاردانەوەى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە، ئەوەش دواى ئەوەى لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت لەکاتی مەراسیمەکەدا کارمەندێکى وەزارەتی پەروەردە ئەو کچە، کە لەناو یەکەمەکاندایە و پەچەى بەسەرەوەیە، لە ریزى پێشەوە لادەبات و دەیباتە ڕیزی دوای دواوە.

هـ.ع