سەردێڕ:

عێراق.. لەیەک مانگدا زیاتر لە ٥٤ هەزار دۆنم دەغڵودان سوتاون

فۆتۆ: 
2019-06-25

614 جار خوێندراوەتەوە

لەماوەى زیاتر لە مانگێکدا لەسەرتاسەرى عێراق ٣٢٨ رووداوى ئاگرکەوتنەوە روویانداوە بەهۆیانەوە زیاتر لە ٥٤ هەزار دۆنم دەغڵودان سوتاون.

بەپێی ئامارەکانى بەرێوەبەرایەتى بەرگرى شارستانى عێراق، لەماوەى نێوان هەشتى ئایار تا ٢٤ى حوزەیران، بەهۆى رووداوەکانى ئاگرکەوتنەوەوە ٥٤ هەزار و ٣٨٠ دۆنم دەغڵودان لە پارێزگا جیاجیاکان سوتاون.

ئاماژە بەوەشکراوە، زۆرترین رێژەى سوتانى دەغڵودان لەپارێزگاى سەڵاحەدین بووە کە بەهۆى ١٠٢ رووداوى ئاگرکەوتنەوەوە پێنج هەزار و ٦٤١ دۆنم سوتاوە و دواى ئەویش پارێزگاى کەرکوک دێت کە بەهۆى ٦٩ رووداوى ئاگرکەوتنەوەوە، پێنج هەزار و ٥١٦ دۆنم سوتاون.

بەپێی ئامارەکان، لە پارێزگاى نەینەوا ٧٧ روداوى ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون و بەهۆیانەوە چوار هەزار و ١٩٧ دۆنم دەغڵودان سوتاون.

بەرگرى شارستانى عێراق رایگەیاندووە، لەکۆى رووداوەکان ٨١ یان بەهۆى شۆرتى کارەباوە بووە و ٤١ رووداویشیان بە ئەنقەست بووەو ٢٥ رووداویشیان بەهۆى فڕێدانى جگەرەوە بووە، رووداوەکانى دیکەش بە هۆکارى جیاجیا روویانداوە.