سەردێڕ:

نەتەوەیەکگرتووەکان داواى یەکلاییکردنەوەى چارەنوسى ٢٩ هەزار منداڵى داعش دەکات

فۆتۆ: 
2019-06-25

380 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسى ئەنجومەنى مافى مرۆڤى سەر بەنەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ٥٥هەزار چەکدارى داعش لە عێراق و سوریا دەستگیرکراون کە ٢٩ هەزار منداڵیشیان لەگەڵدایە.

میشێل باشلیە بەرپرسى ئەنجومەنەکە لە دەستپێکى کۆبوونەوەى دوێنێى ئەنجومەنى مافى مرۆڤى سەر بەنەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێف ڕایگەیاند، ئەو چەکدارانە لەگەڵ خێزان و منداڵەکانیان دەستگیرکراون بێ ئەوەى دادگاییبکرێن.

ئاماژەى بەوەشکردووە، ٢٩ هەزار منداڵى ئەو چەکدارانە کە ئێستا دەستگیرکراون زۆرینەیان تەمەنیان لە خوار ١٢ ساڵیەوەیە.

ئەو بەرپرسەى نەتەوەیەکگرتووەکان داواى لە وڵاتانى تایبەتمەند کرد کە خێزانى ئەو چەکدارە بیانییانەى داعش کە کوژراون یان دەستگیرکراون بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان.

ووتیشى، دەستبەسەرکردنى ئەوانەى گومانیان لەسەر نیە بێ مانایە و قبوڵکراو نیە و پێویستە ببرێنە دادگاکان و دادگاییکردنى دادپەروەرانە بکرێن یان دەستبەجێ ئازاد بکرێن.

ئەوە لە کاتێکدایە لەماوەى ڕابردوودا عێراق ژمارەیەک منداڵ وخێزانى چەکدارانى داعشى بیانى ڕادەستى ڕوسیاکردەوە و هاوکات هێزەکانى سوریاى دیموکراتیش ژمارەیەک خێزان و منداڵى چەکدارانى داعش کە لە خێوەتگاکاندا بوون ڕادەستى ئوسترالیا و بەلجیکا کردەوە.

ب.ب