سەردێڕ:

زەریف: شانازی دەکەین بە چەکێکی ئێرانی فڕۆکەی ئەمریکیمان خستەخوارەوە

فۆتۆ: 
2019-06-25

6875 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، شانازی دەکەن بەوەی ئەو موشەکەی فرۆکە ئەمریکیەکەی پێ خرایە خوارەوە دروستکراوی ئێران بووە، ئەو هەواڵانەشی رەتکردەوە کە باس لەوەدەکەن  ئەو موشەکە بەرهەمهێنراوی روسیا بوبێت.

محەمەد جەوازد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکیدا کە ئاژانسی ئێرنای ئێران بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی بەوەکردووە، "هەرچەندە من شارەزا نیم لەو بوارەدا، بەڵام ئەو چەکەی بەکارهێندرابوو (ئەو چەکەی فرۆکە بێ فرۆکەوانە ئەمریکیەکەی پێ خرایەخوارەوە) لە دروستکراوی ئێران بوو، ئەوەش سەرچاوەی شانازییەکی گەورەی گەلی ئێرانە".

هەروەها خستنەخوارەی فرۆکەکەی بە "هەنگاوێکی کردارییانەی بەهێز بۆ بەرگریکردن لە سەروەری ئێران" وەسفکردووە.

بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕێگەی موشەکەوە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکای لەسەر پارێزگای هورمزجانی باشوری وڵاتەکەی خستەخوارەوە و بووە هۆی ئاڵۆزبوونی زیاتری ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بە شێوەیەک دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ١٠ خولەک بەر لە وادەی دیاریکراو، هێرشی وڵاتەکەیی بۆ سەر ئێران هەڵوەشاندووەتەوە.

دواتریش دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەختیکردەوە، نایەوێت بکەونە جەنگەوە لەگەڵ ئێران، بەڵام هۆشداریدا لەوەی ئەگەر شەڕی روویدا، دەبێتە "جەنگێکی لەناوبردن".

لە دوای خستنەوەخوارەوەی ئەو فڕۆکەیەش ناکۆکییەکانی نێوان واشنتۆن و ئێران پێی نایە قۆناغێکی نوێیە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاڵۆزییەکان روو لە زیاتر دەکەن، بەشێوەیەک لێپرسراوانی باڵای سەربازی و سیاسی هەردوو وڵات، بەشێوەیەکی نیمچە ڕۆژانە لێدوانی توند لە دژی یەکتر دەدەن.

هـ.ع